لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە. قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم، ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل، ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘ قولاپ لە شەویلگەت دەکەم، ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم. بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون، لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم. لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم، خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت. لە دەشتودەر دەمریت، نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە. تۆ دەکەمە خۆراکی گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان. ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم. «”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند. «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم. خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم. «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘ لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش. نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت. خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. «”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون. ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ. بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن. لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
حزقیێل 29 بخوێنەوە
گوێگرتن لە حزقیێل 29
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: حزقیێل 1:29-16
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان