لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

حزقیێل 1:24-14

حزقیێل 1:24-14 KSS

لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا. پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ، دایبنێ و ئاوی تێ بکە. پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە، هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان، پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە. باشترین مەڕی مێگەل ببە و دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە، بە تەواوی بیکوڵێنە، با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن. «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە، ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە، ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو! پارچەپارچە دەریبهێنن، تیروپشکی لەسەر مەکەن. «”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لە ناوەڕاستیدایە، چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە، نەیڕشتە سەر زەوی، تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت. بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا، تاکو دانەپۆشرێت. «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە! هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم. دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە، گۆشتەکە پێ بگەیەنە، بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە، لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت. دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ، با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت، جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و ژەنگەکەی نامێنێت. ڕەنجیان بە خەسار چوو، ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا، تەنانەت بە ئاگریش. «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە. «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان