لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

حزقیێل 32:23-49

حزقیێل 32:23-49 KSS

«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «تۆ لە جامی خوشکت دەخۆیتەوە، کە قووڵ و بەرینە، جامەکەش دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن، چونکە زۆر دەگرێت. پڕ دەبیت لە مەستی و خەم، چونکە جامی سامیرەی خوشکتە، جامی واقوڕمان و وێرانییە. جا دەیخۆیتەوە هەتا چۆڕبڕی دەکەیت، پاشان پارچەپارچەی دەکەیت و مەمکی خۆت لەتوکوت دەکەیت، چونکە من قسەم کرد، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە منت لەبیر کرد و پشت گوێت خستم، لەبەر ئەوە بەرگەی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت بگرە.» هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم بەسەر ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا دەدەیت؟ بەڵکو ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆیان بکەرەوە، چونکە لەشی خۆیان فرۆشت و دەستیان بە خوێنە، لەگەڵ بتەکانیان داوێنپیسییان کرد، هەروەها ئەو کوڕانەی کە بۆ منیان بوو وەک خۆراک بۆ بتەکانیان بە ئاگر سووتاندیانن. هەروەها ئەمەشیان بە من کرد: لەو ڕۆژەدا پیرۆزگاکەی منیان گڵاوکرد و شەممەکانی منیان پیس کرد. کە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ بتەکانیان سەربڕی، ئەو ڕۆژە بۆ پیرۆزگاکەم هاتن تاوەکو گڵاوی بکەن. لەوێ لە ناوەڕاستی ماڵەکەمدا ئەوەیان ئەنجام دا. «تەنانەت نێردراویان نارد بۆ ئەوەی چەند پیاوێک لە دوورەوە بێن، کاتێک هاتن، ئۆهۆلیڤا، تۆ خۆتت بۆیان شوشت و کلت لە چاوان کرد و بە خشڵ خۆتت ڕازاندەوە. لەسەر سەکۆیەکی نایاب لەبەردەم مێزێکی ئامادەکراو دادەنیشتیت و بخوور و زەیتی منت لەسەر دادەنا. «دەنگی کۆمەڵێک بیسترا کە لە دەوروبەری ڕایاندەبوارد، لەگەڵ خەڵکێکی زۆروبۆر. سەبئییەکان لە چۆڵەوانییەوە هێنرابوون، ئەوانەی بازنیان کردە دەستی ئەو دووانە و تاجی جوانیان خستە سەر سەریان. ئینجا سەبارەت بەوەی لە داوێنپیسی ماندوو بوو، فەرمووم: ”ئێستا با بۆ لەشفرۆشی بەکاریبهێنن، چونکە ئەو تەنها لەشفرۆشێکە.“ جا لەگەڵی جووت بوون، وەک ئەوەی لەگەڵ لەشفرۆشێک جووت ببن. ئاوا لەگەڵی جووت بوون، لەگەڵ ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا، دوو ژنە لەشفرۆشەکە. لەبەر ئەوەی داوێنپیسن و دەست بە خوێنن، دادوەرانی ڕاستودروست حوکمیان دەدەن، حوکمی داوێنپیس و حوکمی خوێنڕێژ، چونکە داوێنپیسن و دەست بە خوێنن. «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چەتە دەهێنمە سەریان و دەیاندەمە دەست تۆقین و تاڵان. چەتەکان بەردبارانیان دەکەن، بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان دەکەن، کوڕ و کچەکانیان سەردەبڕن، خانووەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن. «جا کۆتایی بە بەدڕەوشتی دەهێنم لە خاکەکە، هەموو ژنان پەندی لێ وەردەگرن و وەک بەدڕەوشتییەکەی ئێوە ناکەن. بەدڕەوشتییەکەی خۆتان بەسەر خۆتان دەگێڕنەوە، گوناهی بتەکانتان هەڵدەگرن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.»