«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەشدا باوکانتان کفریان لە دژی من کرد کە ناپاکییان کرد: کاتێک ئەوانم هێنایە ئەو خاکەی سوێندم بۆ خواردبوون کە بیدەمە ئەوان، جا هەر گردێکی بەرز و هەر دارێکی پڕ گەڵایان بینی، لەوێ قوربانییەکانیان سەربڕی، لەوێ پێشکەشکراوەکانیان پێشکەش کرد کە مایەی تووڕەبوونی منە. لەوێ بخوورە بۆنخۆشەکانیان پێشکەش کرد، لەوێ شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەش کرد. پێم فەرموون: ئەم نزرگەی سەر بەرزاییە چییە کە بۆی دێن؟“» جا لەو ڕۆژەوە ناوی لێنرا، باما. «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوەش بە ڕێگای باوکانتاندا دەڕۆن، بە وێنە قێزەونەکانیان خۆتان گڵاو دەکەن و لەشفرۆشی دەکەن؟ بە پێشکەشکردنی دیارییەکانتان و سووتاندنی منداڵەکانتان و بە هەموو بتەکانتان هەتا ئەمڕۆش گڵاو دەبن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێ بدەم ئیتر ئێوە پرسیارم لێ بکەن؟ بە گیانی خۆم ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. «”ئەوەی بە خەیاڵتاندا دێت هەرگیز نایەتە دی، کە دەڵێن: ’وەک نەتەوەکان دەبین، وەک هۆزەکانی زەوی، دار و بەرد دەپەرستین.‘ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و بە تووڕەیی دەربڕینم فەرمانڕەوایەتیتان دەکەم. من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و تووڕەییەکی دەربڕدراوەوە لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەوە کۆتان دەکەمەوە کە تێیدا پەرتەوازە بوون. دەتانهێنمە چۆڵەوانی خاکی گەلانی دیکە و لەوێ ڕووبەڕوو دادگاییتان دەکەمەوە. وەک چۆن باوباپیرانتانم لە چۆڵەوانی خاکی میسر دادگایی کرد، ئاواش ئێوە دادگایی دەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. واتان لێ دەکەم بەژێر داردەستدا تێبپەڕن و دەتانهێنمە ناو بەندی پەیمانەوە. ئەوانەی لەنێوتان هەڵگەڕاونەتەوە و لە من یاخین ڕیشەکێشیان دەکەم. هەرچەندە لە خاکی ئاوارەییان دەریاندەهێنم، بەڵام ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. «”ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئێوە ئەمە دەفەرموێت: بڕۆن و هەریەکەتان بتەکانی خۆی بپەرستێت! بەڵام دوای ئەوە بە قسەم دەکەن. ئیتر ناوی پیرۆزیشم بە دیاری و بتەکانتان گڵاو ناکەن، چونکە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە کێوی پیرۆزیم، لە کێوی بەرزی ئیسرائیل، لەوێ لە خاکەکە دەمپەرستن، منیش لەوێ لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لەوێ داوای پێشکەشکراو و پەسەندترین دیاریتان لێ دەکەم، لەگەڵ هەموو قوربانییە پیرۆزەکانتان. ئێوە وەک بخووری بۆنخۆش لەلای من پەسەند دەبن، کاتێک لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەی کە تێیدا پەرشوبڵاو بوونەتەوە کۆتان دەکەمەوە و لەبەرچاوی نەتەوەکان بە ئێوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەتانهێنم بۆ خاکی ئیسرائیل، بۆ ئەو خاکەی کە سوێندم خواردبوو بیدەمە باوباپیرانتان. لەوێ ڕەفتاری خۆتان و هەموو کردەوەکانتان کە پێی گڵاو ببوون دێتەوە یادتان، لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کە ئەنجامتان داوە قێز لە خۆتان دەکەنەوە. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کاتێک لەبەر ناوی خۆم هەڵسوکەوتتان لەگەڵدا دەکەم، نەک بە پێی کارە خراپەکانتان و نەریتە گەندەڵەکانتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“» ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە باشوور بکە و بەرەو باشوور جاڕبدە، پێشبینی لەسەر ئەو دارستانە بکە کە لە باشوورە. بە دارستانی باشوور بڵێ، ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئاگرت تێ بەردەدەم، جا هەموو دارێکی تەڕ و هەموو دارێکی وشک لەناو تۆدا دەخوات. کڵپەی گڕەکەی ناکوژێتەوە و لە باشوورەوە هەتا باکوور هەموو ڕوخسارێک دەسووتێت. جا هەموو مرۆڤ دەبینن کە من یەزدانم ئاگرم تێی بەرداوە و ناکوژێتەوە.“» منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوان بە من دەڵێن: ”ئایا ئەو تەنها بە نموونە نادوێت؟“»
حزقیێل 20 بخوێنەوە
گوێگرتن لە حزقیێل 20
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: حزقیێل 27:20-49
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان