لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

حزقیێل 15:16-31

حزقیێل 15:16-31 KSS

«”بەڵام تۆ پشتت بە جوانییەکەت و بە ناوبانگت بەست، لەشفرۆشیت کرد و لەشفرۆشییەکەتت بەسەر هەموو ڕێبوارێکدا ڕشت و جوانییەکەت بووە هی ئەو. لە جلوبەرگەکەی خۆتت برد و نزرگە ڕازاوەکانی سەر بەرزاییەکانت بۆ خۆت دروستکرد و لەسەری لەشفرۆشیت کرد، شتێک کە نە بووە و نە دەبووایە ببێت. کەلوپەلی جوانییەکەت لە زێڕ و زیوەکەی من برد کە پێم دایت و لەوان بتی نێرینەت دروستکرد و تۆ لەشفرۆشیت لەگەڵ کردن. جلە نەخشێنراوەکانی خۆتت برد و ئەوانت پێ داپۆشی و زەیت و بخووری منت لەبەردەمیان دانا. هەروەها ئەو خواردنەی کە بە تۆم دا، لە باشترین ئارد و زەیت و هەنگوین، تۆ لەبەردەم ئەو بتانە وەک بخووری بۆنخۆش پێشکەشت کرد، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویداوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. «”ئەو کوڕ و کچانەت برد کە بۆ منت ببوو، سەرت بڕین و بۆ بتەکانت کردە قوربانی، وەک خواردن پێشکەشی بتەکانت کردن. ئایا لەشفرۆشییەکەت بەس نەبوو؟ هاتیت و منداڵەکانی منیشت سەربڕی و بە ئاگر سووتاندنت بۆ بتەکان؟ لە هەموو نەریتە قێزەونەکانت و لەشفرۆشییەکەت، سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، ئەو کاتەی کە ڕووتوقووت بوویت و خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت. «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: قوڕبەسەر! قوڕبەسەر تۆ! دوای هەموو خراپەکانت، تۆ بۆ خۆت گومەز و نزرگەی بەرزت لە هەموو گۆڕەپانێکدا دروستکرد. لەسەر هەموو ڕێگایەک نزرگەی بەرزی خۆتت بنیاد نا و جوانییەکەتت گڵاوکرد، ناوگەڵت بۆ هەموو ڕێبوارێک کردەوە و لەشفرۆشیت زۆر کرد. لەگەڵ خەڵکی میسری دراوسێت کە هەوەسبازن لەشفرۆشیت کرد و بە زیادکردنی بەدڕەوشتییەکەت پەستت کردم. لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆ ئێوە درێژ کرد و بەشە خاکەکەی تۆم کەم کردەوە و تۆم دایە دەست چاوبرسییەکان، ئەوانەی ڕقیان لێتە، کچانی فەلەستییەکان، کە شەرمیان لە ڕەفتاری تۆ دەکرد. بەڵام کە تێر نەبوویت، هاتیت و لەگەڵ ئاشورییەکانیشدا لەشفرۆشیت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تێر نەبوویت. سەرەڕای ئەوەش لەشفرۆشییەکەتت هەتا خاکی بازرگانە بابلییەکان فراوان کرد، بەمەش هەر تێر نەبوویت. «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: دڵت چەند نەخۆشە، کە هەموو ئەم کارانەت کرد، وەک کردەوەی لەشفرۆشێکی بەڕەڵا. گومەزی خۆتت لەسەر هەموو ڕێگایەک بنیاد نا، نزرگەی بەرزیشت لە هەموو گۆڕەپانێک، بەڵام تۆ بە پێچەوانەی لەشفرۆشانەوە بوویت، چونکە کرێت ڕەت دەکردەوە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان