لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم، کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم. ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو. لە پێنجی مانگدا، فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری. جا تەماشام کرد بینیم ڕەشەبایەک لە باکوورەوە هات، هەورێکی گەورە کە ئاگرێکی تێدابوو دەبریسکایەوە و لە دەوروبەری ڕووناکی دەدرەوشایەوە. لە چەقی ناوەڕاستی ئاگرەکەش وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگراوی بوو. لە هەورەکەشدا شێوەی چوار گیانلەبەر هەبوو، ئەمەش دیمەنیان بوو، لە شێوەدا لە دیمەنی مرۆڤێک دەچوو، بەڵام هەریەکە چوار ڕوخسار و چوار باڵی هەبوو. قاچەکانیان ڕێکوڕاست بوون و پێیەکانیان وەک پێی گوێرەکە وابوون، وەک بڕۆنزی لووسکراو دەبریقانەوە. لە خوار باڵەکانیانەوە لە هەر چوار لاوە دەستی مرۆڤیان هەبوو. هەر چوار گیانلەبەرەکە ڕوخسار و باڵیان هەبوو، باڵەکانیشیان هەریەکە و بەوەی تەنیشتیەوە لکابوو. لە کاتی ڕۆیشتندا هەریەکە ڕێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت و لای نەدەدا. ڕوخساری هەر چواریان بەم شێوەیە بوو: لەپێشەوە ڕوخساری مرۆڤ، لەلای ڕاست ڕوخساری شێر، لەلای چەپ ڕوخساری گا، لە پشتەوەش ڕوخساری هەڵۆ، ئەمە ڕوخساریان بوو. هەروەها باڵەکانیان بەرەو سەرەوە لێک کرابوونەوە، هەریەکە بە دوو باڵ بە گیانلەبەرەکەی دیکەوە لکابوو، بە دوو باڵەکەی دیکەش لەشی خۆیان دادەپۆشی. هەریەکەیان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، ڕۆحی خودا دەچووە هەر شوێنێک ئەوانیش دەچوون، لە ڕۆیشتنیش لایان نەدەدا. هەروەها دیمەنی گیانلەبەرەکان وەک پشکۆی ئاگری داگیرساو یان وەک چەند مەشخەڵێک بوون. ئاگر لەنێوان گیانلەبەرەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئاگرەکەش ڕەوشەن بوو، لە ئاگرەکەوە بروسکە دەردەچوو. گیانلەبەرەکانیش وەک بروسکە دەهاتن و دەچوون. تەماشای گیانلەبەرەکانم کرد کە هەریەکەیان چوار ڕووی هەبوو، لەلای هەر یەکێکیان چەرخێک هەبوو لەسەر زەوی. دیمەن و پێکهاتنی چەرخەکان بەم جۆرە بوون: هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک زەبەرجەد دەبریسکانەوە، پێکهاتنیشیان وەک ئەوەی چەرخ لەناو چەرخدا بێت. کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، چەرخەکان لە کاتی ڕۆیشتنی گیانلەبەرەکاندا لایان نەدەدا. هەروەها چێوەکانیان بەرز و ترسناک بوون، چێوەکانی هەر چواریان پڕ بوون لە چاو لە هەر چواردەوریاندا. کە گیانلەبەرەکان دەڕۆیشتن، چەرخەکان لەتەنیشتیانەوە دەڕۆیشتن. کاتێک گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە. بۆ هەرکوێ ڕۆحی خودا دەڕۆیشت ئەوانیش دەچوون، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو. کە گیانلەبەرەکان دەجوڵانەوە، چەرخەکانیش دەجوڵانەوە، کە گیانلەبەرەکان دەوەستان ئەوانیش دەوەستان، کە گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.
حزقیێل 1 بخوێنەوە
گوێگرتن لە حزقیێل 1
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: حزقیێل 1:1-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان