ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و کە فیرعەون بەرەو ئاوەکە دەچێت لەبەردەمی ڕابوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن. ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت بڕۆن، ئەوا منیش مێشومەگەزێکی زۆر دەنێرمە سەر خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت و ماڵەکانت، ئیتر ماڵی میسرییەکان پڕ دەبێت لە مێش، تەنانەت زەوییەکەش بە مێش دادەپۆشرێت. «”بەڵام لەو ڕۆژەدا خاکی گۆشەن جیا دەکەمەوە کە گەلەکەمی لەسەر دەژین، بۆ ئەوەی مێش لەوێدا نەبێت، هەتا بزانیت من یەزدانم لە ناوەڕاستی خاکەکەدا. جیاوازییەک لەنێوان گەلەکەم و گەلەکەت دادەنێم، بەیانی ئەم نیشانەیە دەبێت.“» یەزدانیش ئاوای کرد و مێشومەگەزێکی زۆر هاتنە ناو ماڵی فیرعەون و ماڵی خزمەتکارانی، لە هەموو خاکی میسریش زەوییەکە لەبەر مێش وێران بوو. ئینجا فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «بڕۆن لەم خاکە قوربانی بۆ خوداتان سەرببڕن.» بەڵام موسا گوتی: «ڕاست نییە ئێمە وا بکەین، چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە ئێمە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەری دەبڕین لەلای میسرییەکان قێزەونە، ئەگەر ئەوەی لەلای میسرییەکان قێزەونە لەبەرچاویان سەری ببڕین، ئایا بەردبارانمان ناکەن؟ سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، وەک پێمان دەڵێت.» فیرعەونیش گوتی: «من ڕێتان دەدەم بڕۆن و لە چۆڵەوانی قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەرببڕن، بەڵام دوور مەڕۆن و بۆم بپاڕێنەوە.» موساش وەڵامی دایەوە: «من لەلای تۆ دەچمە دەرەوە و لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئیتر بۆ بەیانی مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور دەکەونەوە، بەڵام ئیتر نابێت فیرعەون فێڵ بکات، هەتا ڕێ بە گەلەکە نەدات بڕۆن بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان.» جا موسا لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە. یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، ئیتر مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور کەوتنەوە و هیچیان نەما. بەڵام فیرعەون ئەم جارەش دڵی ڕەقکرد و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.
دەرچوون 8 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دەرچوون 8
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دەرچوون 20:8-32
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان