لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 16:40-33

دەرچوون 16:40-33 KSS

موساش بەم جۆرەی کرد هەروەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد. لە یەکی مانگی یەکەمینی ساڵی دووەم چادرەکەی پەرستن هەڵدرا. موسا چادرەکەی پەرستنی هەڵدا، بنکەکانی دانا و چوارچێوەکانی دانا، کاریتەکانی دانا و کۆڵەکەکانی ڕاگرت. ڕەشماڵەکەی بەسەر چادری پەرستندا هەڵدا و لە سەرەوە پۆشەری چادرەکەی بەسەریدا دا، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد. تەختەکانی پەیمانی برد و خستییە ناو سندوقەکە، دارەکانی خستە سەر سندوقەکە و قەپاغی کەفارەتی لەسەر سندوقەکە دانا. ئینجا سندوقەکەی هێنایە ناو چادرەکەی پەرستن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆزی دانا و سندوقی پەیمانی داپۆشی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. مێزەکەی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن لە دەرەوەی پەردەکە. نانی بەردەم یەزدانیشی بە ڕێکی لەسەری ڕێکخست، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. چرادانەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا لە بەرامبەر مێزەکە لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن. چراکانی بەرزکردەوە بۆ بەردەم یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. قوربانگا زێڕینەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم پەردەکە دانا و بخووری بۆنخۆشی لەسەر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. پەردەی دەروازەشی بۆ چادرەکەی پەرستن دانا. قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لەلای دەرگای چادری چاوپێکەوتن دانا، کە دەکاتە چادری پەرستن، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی سەرخستە سەری، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. حەوزەکەشی لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەدا دانا و ئاوی تێکرد بۆ شوشتن، بۆ ئەوەی موسا و هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن. لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن و لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگاکە دەیشۆن، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. حەوشەکەشی لە دەوری چادرەکەی پەرستن و قوربانگاکە دامەزراند و پەردەی دەروازەی حەوشەکەی دانا. ئیتر موسا کارەکەی تەواو کرد.