لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 7:33-13

دەرچوون 7:33-13 KSS

موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن». هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو. هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە. کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا. گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی. یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو. موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“ ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم. هەروەها لە بیرت بێت کە ئەم نەتەوەیە گەلی خۆتە.»