لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 12:33-23

دەرچوون 12:33-23 KSS

موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“ ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم. هەروەها لە بیرت بێت کە ئەم نەتەوەیە گەلی خۆتە.» یەزدان فەرمووی: «من خۆم لەگەڵت دەبم و دەتحەسێنمەوە.» موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە. بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەڕۆیشتبیت؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.» یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.» ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.» ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.» هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە هیچ مرۆڤێک نییە بمبینێت و بژیێت.» هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە. کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم، دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»