لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 1:23-13

دەرچوون 1:23-13 KSS

«هەواڵی درۆ بڵاو مەکەرەوە، دەست لەگەڵ بەدکار تێکەڵ مەکە بۆ ئەوەی ببیتە شایەتی زۆرداری. «دوای کۆمەڵ مەکەوە بۆ کاری خراپ و لە سکاڵاکردندا بە خواری شایەتی مەدە. لایەنگری بۆ هەژار دەرمەخە لە سکاڵاکەی. «ئەگەر تووشی گا یان گوێدرێژی دوژمنەکەت بووی کە بەڕەڵا بووبێت، بۆی بگەڕێنەرەوە. ئەگەر گوێدرێژی ناحەزەکەتت بینی لەژێر بارەکەیدا کەوتووە، بەجێی مەهێڵە، بەڵکو پەلە بکە بۆ یارمەتیدانی. «مافی هەژار ڕەت مەکەرەوە لە سکاڵاکەی. لە قسەی درۆ دوور بکەوە. بێتاوان و ڕاستودروست مەکوژە، چونکە تاوانبار بێتاوان ناکەم. «بەرتیل وەرمەگرە، چونکە بەرتیل چاوساغان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات. «نامۆ مەچەوسێنەوە، ئێوە خۆتان دەزانن نامۆ چۆن هەست دەکات، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون. «شەش ساڵ زەوییەکەت دەچێنیت و بەرەکەی هەڵدەگریتەوە، بەڵام لە حەوتەمیندا دەیحەسێنیتەوە و لێی دەگەڕێیت، هەژارانی گەلەکەت لێی دەخۆن و بەرماوەکەشیان ئاژەڵی کێوی دەیخوات. هەمان شت دەکەیت لە ڕەزە مێوەکەت و لە زەیتوونەکەت. «شەش ڕۆژ کارەکەت دەکەیت، بەڵام ڕۆژی حەوتەم پشوو دەدەیت بۆ ئەوەی گا و گوێدرێژەکەشت بحەسێنەوە و کوڕی کارەکەرەکەت و ئەوەی لەلاشت نامۆیە هەناسەیەک بدەن. «ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە پێم فەرموون و ناوی خودایەکی دیکە مەهێنن، لە دەمتانەوە نەبیسترێت.