لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 1:16-8

دەرچوون 1:16-8 KSS

لەدوای ئەوە لە ئێلیم کۆچیان کرد و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل هاتنە چۆڵەوانی سین کە لەنێوان ئێلیم و سینایە، لە ڕۆژی پازدەی مانگی دووەم لەدوای کۆچکردنیان لە خاکی میسر. هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانیدا بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا و هارون کرد. نەوەی ئیسرائیل پێیان گوتن: «خۆزگە بە دەستی یەزدان لە خاکی میسردا بمردبووینایە، بۆ خۆمان لای مەنجەڵی گۆشت دانیشتبووین و بە تێری نانمان دەخوارد، بەڵام ئێمەتان دەرهێنا بۆ ئەم چۆڵەوانییە هەتا هەموو ئەم کۆمەڵە بە برسیێتی بکوژن.» یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە ئاسمانەوە نانتان بۆ دەبارێنم، گەلیش دەبێت بچنە دەرەوە و هەر ڕۆژە و پێویستی ئەو ڕۆژە هەڵبگرنەوە. بەم شێوەیە تاقییان دەکەمەوە ئاخۆ بەگوێرەی فێرکردنەکەم دەڕۆن یان نا. ئەوە دەبێت لە ڕۆژی شەشەم ئەوەی دەیهێنن ئامادەی بکەن، ئیتر دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ڕۆژانە هەڵیدەگرنەوە.» جا موسا و هارون بە هەموو نەوەی ئیسرائیلیان گوت: «ئێوارە دەزانن کە یەزدان ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا. بەیانیش شکۆی یەزدان دەبینن لە گوێگرتنی لە بۆڵەبۆڵتان لە دژی یەزدان، بەڵام ئێمە چین تاکو لە دژمان بۆڵەبۆڵ بکەن؟» موسا گوتی: «ئێوە بەوە دەزانن کە یەزدانە کاتێک ئێواران گۆشتتان دەداتێ و بەیانیان نانتان دەداتێ بیخۆن، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو لە دژی. بەڵام ئێمە کێین؟ بۆڵەبۆڵتان لە دژی ئێمە نییە، بەڵکو لە دژی یەزدانە.»