لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 1:13-10

دەرچوون 1:13-10 KSS

یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ من تەرخان بکەن. یەکەم بەری سک لە نەوەی ئیسرائیل لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، ئەوە بۆ منە.» موسا بە گەلی گوت: «یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە خاکی کۆیلایەتی، کە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لێرە دەریهێنان، هیچ شتێکی بە هەویرترش مەخۆن. ئێستا، کە مانگی ئاڤیڤە، ئێوە میسر بەجێدەهێڵن. کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، ئەوا لەو مانگەدا ئێوە ئەو ئەرکە بەجێدەگەیەنن. حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و لە ڕۆژی حەوتەم جەژنە بۆ یەزدان. لەو حەوت ڕۆژەدا نانی فەتیرە دەخورێت و هیچ شتێکی بە هەویرترش لەلاتان نەبینرێت، هیچ هەویرترشێک لە هەموو سنوورەکانتان نەبینرێت. لەو ڕۆژەدا بە کوڕەکەت ڕادەگەیەنیت و دەڵێیت: ”من ئەمە دەکەم لەبەر ئەو کارەی کە یەزدان بۆ منی کرد کاتێک لە میسر هاتمە دەرەوە.“ بۆت دەبێتە نیشانەیەک لەسەر دەستت و یادگارییەک لە نێوچەوانت، بۆ ئەوەی فێرکردنی یەزدان لە دەمت بێت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێنایت. ئەو فەرزەش ساڵ لەدوای ساڵ لە کاتی خۆیدا بەجێدەهێنیت.