«ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و با وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت. لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ. حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت. هەرکەسێک بە نامۆ و هاوڵاتیشەوە شتێک بخوات کە هەویرترشی تێدابێت، لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت. شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.» ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن. دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە. یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان. «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن. ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم ئەرکە دەپارێزن. ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم ئەرکە چییە بۆ ئێوە؟“ ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد. نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد. ئەوە بوو یەزدان لە نیوەشەودا لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش. فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
دەرچوون 12 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دەرچوون 12
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دەرچوون 17:12-30
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان