لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەستێر 11:2-22

ئەستێر 11:2-22 KSS

مۆردەخای هەموو ڕۆژێک لەبەردەم حەوشەی حەرەمسەرا دەهات و دەچوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەستێر چۆنە و ئاگاداربێت لەوەی چی بەسەردێت. بەگوێرەی یاسای پەیڕەوکراو بۆ ئافرەتان هەر کچێک ساڵێکی تەواوی لە ئاراییشت و ئامادەکاری بەسەردەبرد: شەش مانگ بە زەیتی موڕ، شەش مانگیش بە بۆن و کەرەستەی دیکەی جوانکاری. ئینجا لەدوای ئەوە نۆرەی دەهات بچێتە لای ئەحەشوێرۆشی پاشا. بەم شێوەیە بۆ لای پاشا دەچوو، هەرچی دەویست پێی دەدرا، بۆ ئەوەی لە حەرەمسەراوە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆشکی پاشا. ئێوارە دەچووە ژوورەوە و بەیانی بۆ بەشێکی دیکەی حەرەمسەرا دەگەڕایەوە، بۆ ژێر سەرپەرشتی شەعەشگەزی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی کەنیزەکان. جارێکی دیکە نەدەچووە ژوورەوە بۆ لای پاشا، تەنها ئەگەر پاشا پێی دڵخۆش بووایە و بە ناوی خۆیەوە بانگی بکردایە. کاتێک نۆرەی ئەستێر هات، کچی ئەبیحەیلی مامی مۆردەخای، ئەوەی مۆردەخای کردییە کچی خۆی، بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، هیچ شتێکی داوا نەکرد جگە لەوەی هێگەیی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەرەمسەرا پێشنیاری کردبوو. هەرکەسێکیش ئەستێری ببینیایە دەچووە دڵییەوە. ئەستێر لە مانگی دە بردرایە ژوورەوە بۆ لای ئەحەشوێرۆش پاشا لە کۆشکی شاهانە، لە مانگی تێڤێت، لە حەوتەمین ساڵی پاشایەتییەکەی. پاشا ئەستێری لە هەموو ژنەکان زیاتر خۆشویست، لە هەموو پاکیزەکانی دیکە زیاتر پەسەندی کرد و چووە دڵییەوە. تاجی شاهانەی لەسەر سەری دانا و لە شوێنی ڤەشتی کردییە شاژن. ئینجا پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەموو سەرکردە و خزمەتکارەکانی سازکرد وەک رێزگرتنێک لە ئەستێر، پشووی لە هەرێمەکاندا ڕاگەیاند و بەقەد بەخشندەیی پاشا دیاری بەخشرا. کاتێک پاکیزەکان بۆ جاری دووەم کۆکرانەوە، مۆردەخای لەلای دەروازەی پاشا دانیشتبوو. ئەستێریش هەروەک مۆردەخای ڕایسپاردبوو هیچ شتێکی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکردبوو، چونکە ئەستێر هەروەک ئەو ڕۆژانەی مۆردەخای بەخێوی دەکرد بە قسەی ئەو دەجوڵایەوە. لەو ڕۆژانەدا لە کاتێکدا مۆردەخای لە دەروازەی پاشا دانیشتبوو، بیگتانا و تەرەش کە دوو ئەفسەری پاشا بوون لەو ئەفسەرانەی پاسەوانیێتی دەروازەکەیان دەکرد، تووڕە بوون و پیلانیان گێڕا کە دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن. بەڵام مۆردەخای بەو کارەی زانی و بە شاژنە ئەستێری گەیاند، ئەویش بە ناوی مۆردەخایەوە بە پاشای گوت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان