پاش ئەوەی تووڕەیی ئەحەشوێرۆشی پاشا دامرکایەوە، پاشا ڤەشتی و ڕەفتارەکەی و ئەو بڕیارەی کە لە دژی دەریکرد بەبیری هاتەوە. ئینجا ئەوانەی خزمەتی پاشایان دەکرد پێشنیاریان کرد: «با بگەڕێن بۆ کچانی پاکیزە و ڕوخسار جوان بۆ پاشا، با پاشا بریکار دابنێت لەناو هەموو هەرێمەکانی شانشینەکەیدا تاکو هەموو کچە پاکیزە و جوانەکان لە حەرەمسەرای قەڵای شوش کۆبکەنەوە. با لەژێر سەرپەرشتی هێگەیدا بن، کە کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەرەمسەراکەیە، هەروەها با بۆنوبەرامیان پێ بدرێت. ئینجا ئەو کچەش کە پاشا پەسەندی دەکات، با ببێتە شاژن و شوێنی ڤەشتی بگرێتەوە.» پاشا ئەو قسەیەی پێ باش بوو، کاری پێکرد. لەو کاتە لەناو قەڵای شوش پیاوێکی جولەکە هەبوو لە هۆزی بنیامین بوو، ناوی مۆردەخای کوڕی یائیری کوڕی شیمعی کوڕی قیش بوو. یەکێک بوو لەو ڕاپێچکراوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچی کردبوون، لەنێو ئەو ڕاپێچکراوانەی یەهۆیاکینی پاشای یەهودایان لەگەڵ بوو. مۆردەخای ئامۆزایەکی هەبوو بە ناوی هەدەسا، خۆی پەروەردەی کردبوو، چونکە نە باوکی هەبوو نە دایک. ئەم کچە بە ئەستێر ناسراوبوو، کچێکی نازدار و ڕوخسار جوان بوو، پاش مردنی دایک و باوکی مۆردەخای کردییە کچی خۆی. بە بیستنی فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆر لە قەڵای شوش و سپاردنیان بە دەستی هێگەی، ئەستێریش بردرایە کۆشکی پاشا و بە هێگەیی بەرپرسی حەرەمسەرا سپێردرا. کچە لەبەرچاوی هێگەی پەسەند بوو و بە دڵی بوو. لەبەر ئەوە دەستبەجێ بۆن و کەلوپەلی جوانکاری و خواردنی تایبەتی پێدا. هەروەها حەوت خزمەتکاری هەڵبژێردراوی لە کۆشکی پاشا پێدا، ئینجا ئەو و خزمەتکارەکانی بۆ باشترین شوێنی حەرەمسەرا گواستەوە. ئەستێر هیچی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکرد، چونکە مۆردەخای ڕایسپاردبوو کە ئەوە نەکات. مۆردەخای هەموو ڕۆژێک لەبەردەم حەوشەی حەرەمسەرا دەهات و دەچوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەستێر چۆنە و ئاگاداربێت لەوەی چی بەسەردێت.
ئەستێر 2 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئەستێر 2
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئەستێر 1:2-11
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان