لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەفەسۆس 1:5-21

ئەفەسۆس 1:5-21 KSS

کەواتە وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لاسایی خودا بکەنەوە، لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا. بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە، نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن. بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکێک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆک بتپەرستە. کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون. بۆیە هاوبەشییان مەکەن. پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین، چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە، هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە. بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن، چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە. بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت، چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت: «ئەی نوستوو هەستە، لەنێو مردووان هەستەوە، مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.» ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا، کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە. گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە. بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز: لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن، هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سوپاسی خودای باوک بکەن، بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.