لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 32:4-40

دواوتار 32:4-40 KSS

جا سەبارەت بە ڕۆژانی پێشوو پرسیار بکە کە پێش تۆ بووە، لەو ڕۆژەوەی خودا مرۆڤی لەسەر زەوی بەدیهێنا و لەمپەڕی ئاسمان هەتا ئەوپەڕی، ئایا وەک ئەم شتە مەزنە یان هاوتای بیستراوە؟ ئایا هیچ گەلێک گوێیان لە دەنگی خودا بووە لەنێو ئاگرەوە قسە بکات، وەک تۆ گوێت لێ بوو و ژیابێت؟ ئایا هیچ خودایەک هەیە کە هەوڵی دابێت بە تاقیکردنەوە و بە نیشانە و پەرجوو، بە جەنگ و دەستێکی پۆڵایین، بە بازووێکی بەهێز و بە کاری مەزن و سامناک، نەتەوەیەک لەنێو نەتەوەیەکی دیکەدا بۆ خۆی تەرخان بکات، وەک هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەبەرچاوتان لە میسر بۆ ئێوەی کرد؟ ئەم شتانەت پیشان درا بۆ ئەوەی بزانیت کە یەزدان خۆی خودایە، بێجگە لەو یەکێکی دیکە نییە. لە ئاسمانەوە بەم جۆرەی کرد گوێبیستی بن، تاکو تەمبێت بکات، لەسەر زەویش ئاگری مەزنی خۆی پیشان دایت و لەنێو ئاگرەوە گوێت لە وشەکانی بوو، هەروەها لەبەر ئەوەی باوباپیرانی تۆی خۆشویست و نەوەی ئەوانی هەڵبژارد لە دوایان، بە ئامادەبوونی خۆی و بە هێزە مەزنەکەی خۆی تۆی لە میسرەوە دەرهێنا، بۆ ئەوەی گەلی مەزنتر و بەهێزتر لە خۆت لەبەردەمت دەربکات و بتهێنێت و وەک ئەمڕۆ خاکەکەیانت وەک میرات بداتێ. جا ئەمڕۆ بزانە و لە دڵەوە لێی وردببنەوە، یەزدان خۆی خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە و هیچ خودایەکی دیکە نییە. فەرزەکان و فەرمانەکانی بەجێبهێنە کە من ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم، هەتا چاکە لەگەڵ خۆت و منداڵەکانت بکات لەدوای خۆت و تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بۆ هەتاهەتایە پێت دەدات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان