لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 28:32-52

دواوتار 28:32-52 KSS

ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون، کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟ خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت. چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و دووان دە هەزار تێکدەشکێنن، ئەگەر تاشەبەردەکەیان ئەوانی نەفرۆشتبێت، یەزدان بەدەستەوەی نەدابن. لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە نییە، تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن. مێویان لە مێوی سەدۆمە و ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە، ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن. شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە. «ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە، لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟ تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم، لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت، چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و چارەنووسیان بۆیان خێرایە.» یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت، کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە. خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان، ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد، ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن، شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟ با بێن و یارمەتیتان بدەن، با پارێزگاریتان لێ بکەن! «ئێستا ببینن، من، من ئەوم، هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم. من دەمرێنم و دەژیێنم، بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە، کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات. من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم: بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم، کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم، تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و ناحەزانم سزا دەدەم. تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و شمشێرەکەم گۆشت دەخوات، لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان، لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.» ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن، چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە، لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە، کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات. جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە. کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل، پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن. تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.» یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم. لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی، لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت. لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»