لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 11:32-21

دواوتار 11:32-21 KSS

وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت، لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات، باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات، لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت. ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد، هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو. سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد، لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد، لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا، زەیتیش لە بەردەئەستێوە. دەڵەمە و شیری مەڕوماڵات، لەگەڵ دوگی بەرخ و بەرانی باشان و تەگە، لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم. تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە. یەشوروون قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند، قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو داپۆشران. ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون، تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە. ئیرەییان وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد. بۆ بتەکان کە خودا نین قوربانییان سەربڕی، چەند خودایەک نەیانناسیون، تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون، کە باوکانتان لێیان نەترساون. ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا، ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد. جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە، لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی. فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە، سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت، ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن، ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە. ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم، بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم، منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.