لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 38:28-68

دواوتار 38:28-68 KSS

تۆوێکی زۆر دەکەن بە کێڵگەوە، بەڵام کەم کۆدەکەنەوە، چونکە کوللە دەیخوات، ڕەزەمێو دەچێنن و خزمەتی دەکەن، بەڵام شەراب ناخۆنەوە و ترێ لێ ناکەنەوە، چونکە کرم دەیخوات. لەناو هەموو سنوورەکەتان زەیتوونتان دەبێت، بەڵام خۆتان بە زەیت چەور ناکەن، چونکە زەیتوونەکەتان دەوەرێت. کوڕ و کچتان بۆ لەدایک دەبێت، بەڵام بۆ ئێوە نابن، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕاپێچ دەکرێن. پۆلە کوللەی باڵدار دەست دەگرن بەسەر هەموو دار و بەروبوومی زەوییەکەتانەوە. ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان پلە بە پلە پایەبەرزتر دەبن، بەڵام ئێوە پلە بە پلە پایەنزم دەبن. ئەوان قەرزتان پێدەدەن، بەڵام ئێوە قەرزیان پێ نادەن، ئەوان سەر دەبن، بەڵام ئێوە کلک. هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و دواتان دەکەوێت و پێتان دەگات هەتا لەناودەچن، چونکە ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون هەتا فەرمانەکان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردن. ئیتر بۆ هەتاهەتایە لەنێو ئێوە و لەنێو نەوەکەتان دەبنە پەند و نیشانە. لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بە دڵخۆشی و دڵسافییەوە نەپەرست، کاتێک هەموو شتێک زۆر بوو، کەواتە لە برسیێتی و تینووێتی و ڕووتی و نەداری لە هەموو شتێک، دەبنە کۆیلەی دوژمنەکانتان، کە یەزدان بۆ سەر ئێوەی دەنێرێت. ئەویش نیری ئاسن دەخاتە سەر ملتان هەتا لەناودەچن. یەزدان نەتەوەیەکتان دەهێنێتە سەر لە دوورەوە لەوپەڕی زەوییەوە وەک شاڵاوی هەڵۆ، نەتەوەیەک لە زمانی ناگەن، نەتەوەیەکی ڕووگرژ، نە ڕێز بۆ پیر دادەنێت و نە سۆزی بۆ منداڵ دەجوڵێت. بەری ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی زەویتان دەخوات هەتا لەناودەچن و هیچ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و گوێرەکەی گاگەل و کاریلە و بەرخی مێگەلتان بۆ ناهێڵێتەوە هەتا لەناوتان دەبات. لە هەموو شارەکان گەمارۆتان دەدات، هەتا شوورا بەرزە قاییمەکان کە ئێوە پشتی پێ دەبەستن دەڕمێت، لە هەموو خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات گەمارۆتان دەدات. جا بەری سکتان، گۆشتی کوڕ و کچەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون دەخۆن، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن. پیاوی دڵناسک و زۆر هەستیار لەنێوتان بەرچاوتەنگ دەبێت، سەبارەت بە براکەی خۆی و بە ژنە خۆشەویستەکەی و بە پاشماوەی منداڵەکانی کە ماونەتەوە، هەتا لە گۆشتی منداڵەکەی کە دەیخوات بە کەسیان نادات، چونکە هیچی بۆ نەماوەتەوە لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن لە هەموو شارەکانتاندا. ئەو ژنەی دڵناسک و هەستیارە لەنێوتان کە لەبەر دڵناسکی و هەستیارییەکەی دڵی نایەت بنی پێی بە زەویدا بنێت، بەرچاوتەنگ دەبێت سەبارەت بە پیاوە خۆشەویستەکەی و کوڕ و کچەکەی، لەو یۆڵداشەی لەنێو هەردوو قاچی دێتەدەر و لە منداڵەکانی کە دەیبێت، چونکە بە نهێنی لە نەداری دەیانخوات، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان لە شارەکانتاندا تەنگتان پێ هەڵدەچنن. ئەگەر ئاگادار نەبن بۆ ئەوەی کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن کە لەم پەڕتووکە نووسراون، بۆ ئەوەی لەم ناوە شکۆدارە سامناکە بترسن، لە یەزدانی پەروەردگارتان، ئەوا یەزدان وا دەکات لێدانەکانتان و لێدانەکانی نەوەکەتان سەرسوڕهێنەر بێت، لێدانی سەخت و بەردەوام، نەخۆشی بە ئازار و هەمیشەیی. هەموو دەردەکانی میسریش کە لێی تۆقین، بەسەرتاندا دێتەوە و پێتانەوە دەنووسێن. هەروەها هەر نەخۆشییەک و هەر لێدانێک کە لەم پەڕتووکەی تەورات نەنووسراوە، یەزدان بەسەرتاندا دەدات هەتا لەناودەچن. چەند کەسێکی کەم دەمێنن لە جێی ئەوەی وەک ئەستێرەی ئاسمان بوون لە زۆریدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون. هەروەک چۆن یەزدان پێتان دڵخۆش بوو کە چاکەتان لەگەڵ بکات و زۆرتان بکات، هەروەها پێشتان دڵخۆش دەبێت هەتا بتانفەوتێنێت و لەناوتان ببات. لەو خاکە ڕیشەکێش دەکرێن کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن. ئینجا یەزدان لەنێو هەموو گەلان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە، لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەوێ خودای دیکە دەپەرستن لە دار و بەرد کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەیانناسیوە. لەنێو ئەو نەتەوانەدا ناحەوێنەوە و پێیەکانتان جێگیر نابن، بەڵکو یەزدان لەوێ دڵێکی لەرزۆک و چاوێکی ماندوو و گیانێکی لاوازتان دەداتێ. ژیانیشتان هەڵواسراو دەبێت لەبەردەمتان و شەو و ڕۆژ دەترسن و لە ژیانتان دڵنیا نابن. لە ترسی دڵتان کە دەترسن و لە تێڕوانینی چاوەکانتان کە تێدەڕوانن، بە ڕۆژ دەڵێن، «خۆزگە شەو بێت،» بە شەویش دەڵێن، «خۆزگە ڕۆژ بێت.» یەزدان بە کەشتی بەو ڕێگایەدا دەتانگەڕێنێتەوە بۆ میسر کە پێم گوتن، کە ئیتر نایبیننەوە، جا لەوێ وەک کۆیلە و کەنیزە بە دوژمنەکانتان دەفرۆشرێن و کەسیش ناتانکڕێت.