لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 15:28-45

دواوتار 15:28-45 KSS

بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون، بۆ ئەوەی ئاگاداربن کە کار بە هەموو فەرمانەکانی و فەرزەکانی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات. لە شار نەفرەت لێکراو دەبن و لە کێڵگەش نەفرەت لێکراو دەبن. سەبەتە و تەشتی هەویرتان نەفرەت لێکراو دەبێت. بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، گوێرەکەی گاگەلەکەشتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان، نەفرەت لێکراو دەبن. کە دێنە ژوورەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت و کە دەچنە دەرەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت. لەبەر ئەوەی پشتم تێ دەکەن و کاری خراپە ئەنجام دەدەن، هەر کارێک کە دەتانەوێت بیکەن، یەزدان نەفرەت و سەرلێشێوان و سەرزەنشتتان دەنێرێتە سەر هەتا ئەو کاتەی دەفەوتێن و بە خێرایی لەناودەچن. یەزدان دەردتان پێوە دەنووسێنێت، هەتا لەو خاکە لەناوتان ببات کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن. یەزدان تووشی سیل و گرانەتا و هەوکردن، گەرما و وشکەساڵی، بای گەرمەسێر و کەڕووتان دەکات، جا بەدواتانەوە دەبێت هەتا لەناوتان دەبات. ئاسمانیش کە لەسەر سەرتانە دەبێتە بڕۆنز و ئەو خاکەی ژێریشتان دەبێتە ئاسن. یەزدانیش بارانی خاکەکەتان دەکاتە تۆز و خۆڵ و لە ئاسمانەوە بۆتان دێتە خوارەوە هەتا لەناودەچن. یەزدان لەبەردەم دوژمنەکانتان دەتانشکێنێت، لە یەک ڕێگا بۆیان دەچن و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمیان هەڵدێن و هەموو شانشینەکانی زەوی دەتۆقن کاتێک ئەو ڕووداوە دەبینن کە بەسەر ئێوە هاتووە. تەرمیشتان دەبێتە خۆراکی هەموو باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی زەوی و کەسیش نابێت هەڵیانبفڕێنێ. یەزدان تووشی دومەڵی میسر و ئاوسان و گەڕی و خورشتتان دەکات کە نەتوانن چاک ببنەوە. یەزدان تووشی شێتی و کوێری و سەرلێشێواویتان دەکات. لە نیوەڕۆدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک نابینایان لە تاریکیدا و لە ڕێگاکانتان سەرکەوتوو نابن، بەڵکو هەموو ڕۆژانتان زۆرلێکراو و تاڵانکراو دەبن و کەسیش نابێت ڕزگارتان بکات. ژنێک مارە دەکەن بەڵام پیاوێکی دیکە دەیبات و لەگەڵی دەنوێت. خانووێک بنیاد دەنێن بەڵام تێیدا دانانیشن. ڕەزە مێوێک دەڕوێنن بەڵام لە بەرەکەی ناخۆن. گایەکەتان لەبەرچاوتان سەردەبڕدرێت بەڵام لێی ناخۆن. لەبەرچاوتان دەست بەسەر گوێدرێژەکەتاندا دەگرن بەڵام بۆتان ناگەڕێتەوە. مەڕەکانتان دەدرێنە دەست دوژمنەکانتان و ڕزگارکەریشتان نییە. کوڕان و کچانتان دەدرێنە دەست گەلێکی دیکە و بە درێژایی ڕۆژ چاوەکانتان تەماشایان دەکەن هەتا ماندوو دەبن و هیچیشتان لەدەست نایەت. بەروبوومی خاکەکەتان و هەموو ماندووبوونتان، گەلێک دەیخوات کە نایناسن، جا هەموو ڕۆژانتان تەنها زۆرلێکراو و پێشێلکراو دەبن. لەبەر سەرسامی ئەوەی کە دەیبینن شێت دەبن. یەزدان تووشی دومەڵی پیستان دەکات، لەسەر ئەژنۆکانتان و قاچەکانتان، کە نەتوانن چاک ببنەوە، لە بنی پێتانەوە هەتا تەپڵی سەرتان. یەزدان بە خۆتان و پاشاکەتانەوە کە بۆ خۆتانی دادەنێن، دەتانبات بۆ لای نەتەوەیەک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان ناسیویانە و لەوێ خودای دیکە دەپەرستن، واتا ئەو بتانەی کە لە دار و لە بەردن. هەموو ئەو گەلانەی یەزدان ئێوە بۆ ناو ئەوان ڕادەپێچێت دەتۆقن لەوەی بەسەر ئێوە هاتووە و دەبنە پەند و گاڵتەجاڕی بۆیان. تۆوێکی زۆر دەکەن بە کێڵگەوە، بەڵام کەم کۆدەکەنەوە، چونکە کوللە دەیخوات، ڕەزەمێو دەچێنن و خزمەتی دەکەن، بەڵام شەراب ناخۆنەوە و ترێ لێ ناکەنەوە، چونکە کرم دەیخوات. لەناو هەموو سنوورەکەتان زەیتوونتان دەبێت، بەڵام خۆتان بە زەیت چەور ناکەن، چونکە زەیتوونەکەتان دەوەرێت. کوڕ و کچتان بۆ لەدایک دەبێت، بەڵام بۆ ئێوە نابن، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕاپێچ دەکرێن. پۆلە کوللەی باڵدار دەست دەگرن بەسەر هەموو دار و بەروبوومی زەوییەکەتانەوە. ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان پلە بە پلە پایەبەرزتر دەبن، بەڵام ئێوە پلە بە پلە پایەنزم دەبن. ئەوان قەرزتان پێدەدەن، بەڵام ئێوە قەرزیان پێ نادەن، ئەوان سەر دەبن، بەڵام ئێوە کلک. هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و دواتان دەکەوێت و پێتان دەگات هەتا لەناودەچن، چونکە ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون هەتا فەرمانەکان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردن.