لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 1:23-14

دواوتار 1:23-14 KSS

نابێت خەساو یان قۆڕ یان کەسێک ئەندامی نێرینەی بڕابێتەوە بێتە ناو کۆمەڵی یەزدان. نابێت زۆڵ بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، هەتا نەوەی دەیەم کەسی نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدان. هەرگیز نابێت عەمۆنی یان مۆئابی بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، تەنانەت لە نەوەی دەیەمیش کەس نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، چونکە کاتێک ئێوە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە ڕێگا بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لێ نەکردن، هەروەها لەبەر ئەوەی بەلعامی کوڕی بەعۆری خەڵکی پەتوری میسۆپۆتامیایان لە دژی ئێوە بەکرێ گرت هەتا نەفرەتتان لێ بکات. بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان نەیویست گوێ لە بەلعام بگرێت، جا لە پێناوی ئێوە یەزدانی پەروەردگارتان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشیویستوون. بە درێژایی ژیانتان هەرگیز پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ مەبەستن. ڕقت لە هیچ ئەدۆمییەک نەبێتەوە، چونکە براتە، ڕقت لە هیچ میسرییەک نەبێتەوە، چونکە لە خاکی ئەو نامۆ بوویت، ئەو منداڵانەی لەوان لەدایک دەبن لە نەوەی سێیەمەوە دێنە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە. کاتێک لە دژی دوژمنەکانتان ئۆردوگا دادەمەزرێنن، لە هەموو شتێکی گڵاو خۆتان بەدوور بگرن. ئەگەر پیاوێکتان تێدابوو، گڵاو بوو لەبەر ئەوەی بە شەو تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و ناگەڕێتەوە ناو ئۆردوگاکە. دەمەو ئێوارە بە ئاو خۆی دەشوات و لە ئاوابوونی خۆر دێتەوە ناو ئۆردوگاکە. دەبێت شوێنێکیشتان هەبێت لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ پیساییکردن، لەگەڵ شتومەکەکەشتان خاکەنازێکتان هەبێت، بۆ ئەوەی چاڵی پێ هەڵبکەنن بۆ پیساییکردن و پاشان پیساییەکەتان داپۆشن. لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەناو ئۆردوگاکەتان هاتوچۆ دەکات بۆ ئەوەی فریاتان بکەوێت و دوژمنەکانتان بەدەستەوە بدات، جا با ئۆردوگاکەتان پیرۆز بێت نەوەک شتێکی پیستان تێدا ببینێت و ڕووتان لێ وەربگێڕێت.