لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 1:18-13

دواوتار 1:18-13 KSS

کاهینە لێڤییەکان و هەموو هۆزی لێڤی بەش و میراتیان لەگەڵ ئیسرائیل نابێت، بەڵکو قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان بەشی ئەوانە، چونکە ئەمە میراتە بۆیان. جا لەناو براکانیان میراتیان نابێت، یەزدان میراتی ئەوانە وەک بەڵێنی پێدان. ئەمەش مافی کاهین دەبێت لەسەر گەل، لەوانەی قوربانی سەردەبڕن، جا گا بێت یان مەڕ، شان و شەویلاکی خوارەوە و گۆشتی لاملی و ناوسکەکەی بە کاهین دەدرێن. هەروەها یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی تازە و زەیت و یەکەم بڕینەوەی خوری مەڕەکانتانی پێدەدەن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەناو هەموو هۆزەکانتان هەڵیبژاردن هەتا بوەستن بۆ خزمەتکردن بە ناوی یەزدانەوە، خۆیان و کوڕەکانیان هەتاهەتایە. ئەگەر لێڤییەک لە هەر یەکێک لە شارۆچکەکانی ئیسرائیل، لەو شوێنەی دەژیێت و پڕ بە دڵی خۆی هات بۆ ئەو شوێنەی کە یەزدان هەڵیدەبژێرێت و بە ناوی یەزدانی پەروەردگارییەوە خزمەتی کرد، وەک هەموو برا لێڤییەکانی کە لەوێ لەبەردەم یەزدان وەستاون، ئەوا بەشیان یەکسان دەبێت لە خواردن، بێجگە لەوەی لە میراتی خێزانەکەی دەفرۆشرێت. کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، فێر مەبن وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو نەتەوانە بکەن. ئەوانەتان تێدا نەبێت کە کوڕەکەی یان کچەکەی وەک قوربانی بسووتێنێت، هەروەها نە ئەوانەی فاڵگرتنەوە دەکەن و نە بەخت خوێندنەوە و نە جادووگەری و نە سیحربازی، نە ئەوانەی نوشتە دەکەن و نە ئەوانەی نێوانگرن و نە ئەوانەی ڕۆح ئامادەکارن و نە ئەوانەی ڕاوێژ بە مردووان دەکەن، چونکە هەرکەسێک ئەم نەریتانە پەیڕەو بکات لەلای یەزدان قێزەونە، هەر بەهۆی ئەم نەریتە قێزەونانەیە یەزدانی پەروەردگارتان نەتەوەکان لەبەردەمتان ڕاو دەنێت. لەلای یەزدانی پەروەردگارتان بێ کەموکوڕی دەبن.