لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 18:11-32

دواوتار 18:11-32 KSS

جا ئەم وشانەم لەسەر دڵ و گیانتان دابنێن و وەک نیشانە لەسەر دەستتانی ببەستن و با گوڵنگ بن بە ناوچەوانتانەوە. منداڵەکانیشتان فێر بکەن و پێی بدوێن کاتێک لە ماڵەکانتان دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن، لەسەر چوارچێوەی دەرگاکانی ماڵەکەت و لەسەر دەرگاکانی حەوشەکەت بینووسە، بۆ ئەوەی ڕۆژانی خۆت و منداڵەکانت زیاد بکات لەسەر ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانت خوارد بیانداتێ هەروەک بەردەوامی ئاسمان بەسەر ڕووی زەویدا. ئەگەر هۆشیار بوون و هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بیکەن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و دەستی پێوە بگرن، ئەوا یەزدان هەموو ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات و ئێوە دەبنە میراتگری گەلانی لە خۆتان گەورەتر و بەهێزتر. هەر شوێنێک لەپی پێتان لێ دانا دەبێتە هی ئێوە، سنوورتان لە دەشتودەر و لوبنانەوە، لە ڕووبارەکەوە، ڕووباری فورات هەتا دەریای ڕۆژئاوا دەبێت. هیچ کەس ناتوانێت لە دژتان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارتان ترس و سامتان دەخاتە سەر هەموو ئەو زەوییەی پێی لێ دەنێن، هەروەک بەڵێنی پێدان. بڕوانە، من ئەمڕۆ بەرەکەت و نەفرەت لەبەردەمتان دادەنێم: بەرەکەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم؛ نەفرەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان نەبن و لەو ڕێگایەی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لاتان دا هەتا بەدوای خودای دیکە بکەون کە نەتانناسیوە. جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارت تۆی هێنایە ئەو خاکەی کە تۆ دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت، ئەوا بەرەکەتەکان لەسەر کێوی گەریزیم ڕابگەیەنە و نەفرەتەکانیش لەسەر کێوی عێبال. وەک دەزانن ئەم کێوانە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوەن، لە ڕۆژئاوای ڕێگاکە بەرەو خۆرئاوابوون، لە خاکی کەنعانییەکانی کە لە عەراڤادا نیشتەجێن، بەرامبەر گلگال لەتەنیشت دار بەڕووەکانی مۆرە، چونکە ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات و دەستی بەسەردا بگرن. کاتێک دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، ملکەچی هەموو ئەو فەرز و یاسایانە بن کە من ئەمڕۆ لەبەردەمتانی دادەنێم هەتا بیکەن.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان