لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 1:1-8

دواوتار 1:1-8 KSS

ئەمە ئەو وتانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەشتودەر لە عەراڤا، بەرامبەر بە سوف لەنێوان پاران و تۆفەل و لاڤان و حەچێرۆت و دی زاهاڤ. (لە حۆرێڤەوە لەسەر ڕێگای کێوی سێعیر بۆ قادێش بەرنێعە گەشتێکی یازدە ڕۆژەیە.) لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی چلەمین، موسا وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا. ئەمە دوای ئەوە بوو کە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانی بەزاند کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، عۆگی پاشای باشانی شکاند کە لە عەشتارۆت فەرمانڕەوا بوو لە ئەدرەعی. موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە خاکی مۆئابدا دەستی بە ڕوونکردنەوەی ئەم فێرکردنە کرد و گوتی: یەزدانی پەروەردگارمان لە حۆرێڤ پێی فەرمووین: «ئیتر بەسە! ماوەیەکی زۆرە لەم کێوە دانیشتوون، ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن و بڕۆن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان و دەرودراوسێکانی لە عەراڤا و چیا و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و کەناری دەریای خاکی کەنعان و لوبنان هەتا ڕووباری گەورە، واتا ڕووباری فورات. بڕوانن ئەوا خاکەکەم لەپێش داناون، بڕۆنە ناوی و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بەوان و نەوەکانی دواتریان بدات.»