لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 9:9-19

دانیال 9:9-19 KSS

خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین. گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین. هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە. «لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات. هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین. جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین. «ئێستاش ئەی خودای پەروەردگارمان، کە بە دەستێکی بەهێزەوە گەلی خۆتت لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە، ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئێمە گوناهمان کرد و خراپەمان کرد. ئەی پەروەردگار، بەپێی هەموو ڕاستودروستییەکەت، تکایە تووڕەیی و هەڵچوونەکەت لەسەر شارەکەت، ئۆرشەلیم، دابمرکێنەوە کە کێوی پیرۆزی خۆتە. بەهۆی گوناهەکانمان و تاوانەکانی باوباپیرانمان ئۆرشەلیم و گەلەکەت لەلای هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ڕیسوا بوون. «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، گوێ لە نزاکانی خزمەتکارەکەت و لە پاڕانەوەکەی بگرە. ئەی پەروەردگار، لە پێناوی خۆت ڕووت بەسەر پیرۆزگا کاولەکەتدا بدرەوشێنەوە. ئەی خودای من، گوێت شل بکە و ببیستە، چاوەکانت بکەرەوە و کەلاوەکانمان و ئەو شارە ببینە کە ناوی تۆی هەڵگرتووە. لەبەر ڕاستودروستی خۆمان نییە کە پاڕانەوەکانمان دەخەینە بەردەمت، بەڵکو لەبەر بەزەییە زۆرەکەتە. ئەی پەروەردگار گوێ بگرە! ئەی پەروەردگار لێخۆشبە! ئەی پەروەردگار گوێ شل بکە و دەستبەکار بە! ئەی خودای من، لەبەر خۆت دوای مەخە، چونکە شارەکەت و گەلەکەت ناوی تۆیان هەڵگرتووە.»