لە ساڵی یەکەمی داریوشی کوڕی ئەحەشوێرۆش لە نەوەی مادەکان کە بووە بە فەرمانڕەوای شانشینی بابلییەکان، لە ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی ئەو، من کە دانیالم لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە بەپێی فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر تێگەیشتم کە ماوەی کاولبوونی ئۆرشەلیم حەفتا ساڵ دەبێت. منیش ڕووم لە خودای پەروەردگار کرد، بە نوێژ و پاڕانەوەوە داوام دەکرد، بە ڕۆژوو و بە پۆشینی جلوبەرگی گوش و بە خۆڵەمێش بەسەرخۆدا کردن. نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا: «ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن، گوناهمان کرد و تاوانمان کرد، خراپەمان کرد و یاخی بووین، لە فەرمانەکان و یاساکانی تۆ لاماندا. گوێمان لە بەندە پێغەمبەرەکانت نەگرت، ئەوانەی بە ناوی تۆوە قسەیان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هەموو گەلی خاکەکە کرد. «ئەی پەروەردگار، تۆ ڕاستودروستیت، بەڵام ئەمڕۆ شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، بۆ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، بۆ هەموو ئیسرائیلە، نزیک و دوورەکان لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەرتکردووین، لەبەر ئەو ناپاکییەی لەگەڵ تۆدا کردمان. ئەی یەزدان، شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، لە پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین. گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین. هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە. «لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات. هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین. جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین. «ئێستاش ئەی خودای پەروەردگارمان، کە بە دەستێکی بەهێزەوە گەلی خۆتت لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە، ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئێمە گوناهمان کرد و خراپەمان کرد. ئەی پەروەردگار، بەپێی هەموو ڕاستودروستییەکەت، تکایە تووڕەیی و هەڵچوونەکەت لەسەر شارەکەت، ئۆرشەلیم، دابمرکێنەوە کە کێوی پیرۆزی خۆتە. بەهۆی گوناهەکانمان و تاوانەکانی باوباپیرانمان ئۆرشەلیم و گەلەکەت لەلای هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ڕیسوا بوون. «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، گوێ لە نزاکانی خزمەتکارەکەت و لە پاڕانەوەکەی بگرە. ئەی پەروەردگار، لە پێناوی خۆت ڕووت بەسەر پیرۆزگا کاولەکەتدا بدرەوشێنەوە. ئەی خودای من، گوێت شل بکە و ببیستە، چاوەکانت بکەرەوە و کەلاوەکانمان و ئەو شارە ببینە کە ناوی تۆی هەڵگرتووە. لەبەر ڕاستودروستی خۆمان نییە کە پاڕانەوەکانمان دەخەینە بەردەمت، بەڵکو لەبەر بەزەییە زۆرەکەتە. ئەی پەروەردگار گوێ بگرە! ئەی پەروەردگار لێخۆشبە! ئەی پەروەردگار گوێ شل بکە و دەستبەکار بە! ئەی خودای من، لەبەر خۆت دوای مەخە، چونکە شارەکەت و گەلەکەت ناوی تۆیان هەڵگرتووە.»
دانیال 9 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دانیال 9
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دانیال 1:9-19
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان