لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 15:7-28

دانیال 15:7-28 KSS

«بەڵام من، کە دانیالم ڕۆحم لە ناخمدا واقی وڕما بوو و ئەو بینینانەی بە مێشکمدا هات منیان ترساند. جا لە یەکێک لە ڕاوەستاوەکان نزیک بوومەوە و لە هەموو ئەمەدا داوای لێکدانەوەم لێکرد. «ئەویش لێکدانەوەی خەونەکەی پێ گوتم: ”ئەو چوار گیانلەبەرە گەورەیە چوار پاشان کە لەسەر زەوی پەیدا دەبن. بەڵام گەلی پیرۆزی خودای هەرەبەرز پاشایەتییەکە بەدەستدەهێنن و بۆ هەتاهەتایە خاوەنداریێتی دەکەن. بەڵێ، بۆ هەتاهەتایە.“ «ئینجا ویستم لێکدانەوەی گیانلەبەرەکەی چوارەم بزانم کە لەگەڵ هەموویان جیاواز بوو، زۆر ترسناک بوو، ددانەکانی لە ئاسن بوون و چنگەکانی لە بڕۆنز، نێچیرەکانی خوارد و تێکیشکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە. هەروەها ویستم لەبارەی ئەو دە شاخەی سەری و ئەو شاخەی تریش بزانم کە لە کاتی دەرکەوتنی سێ لە شاخەکانی دیکە لەبەردەمی کەوتنە خوارەوە، ئەو شاخە چاوی هەبوو، دەمێکیش کە بە فیزەوە قسەی دەکرد و دیمەنەکەی لە شاخەکانی دیکە زەبەلاحتر بوو. تەماشام دەکرد و ئەو شاخە لە دژی گەلە پیرۆزەکە دەجەنگا و ئەوانی بەزاند، هەتا خودای جاویدانی هات و حوکمی دەرکرد لە بەرژەوەندی گەلە پیرۆزەکەی خودای هەرەبەرز، کاتی هات بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی پاشایەتییەکە بکەن. «ئەویش بەم جۆرەی گوت: ”گیانلەبەری چوارەم پاشایەتییەکی چوارەم دەبێت لەسەر زەوی، جیاواز لە سەرجەم پاشایەتییەکان، ئینجا هەموو زەوی دەخوات و پێی لێ دەنێت و تێکی دەشکێنێت. دە شاخەکەش دە پاشان کە لەم پاشایەتییەدا هەڵدەستن. یەکێکی دیکە لەدوای ئەوان هەڵدەستێت لەوانی پێش خۆی جیاواز دەبێت و سێ پاشا زەلیل دەکات. لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو دەدرێنە دەستی ئەو. «”جا دادگا دادەنیشێت و دەسەڵاتەکەی لێ دادەماڵن بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و لەناوبچێت. پاشایەتییەکە و دەسەڵات و گەورەیی پاشایەتییەکە لەژێر هەموو ئاسماندا دەدرێتە گەلە پیرۆزەکە، گەلی خودای هەرەبەرز. پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و هەموو دەسەڵاتداران دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.“ «هەتا ئێرە کۆتایی بابەتەکەیە. من دانیالم، بیرکردنەوەکانم زۆر منیان ترساند و ڕەنگم گۆڕا، بەڵام بابەتەکەم لە دڵی خۆمدا هەڵگرت.»