لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 1:7-14

دانیال 1:7-14 KSS

لە ساڵی یەکەمی بێلشەسری پاشای بابل، کاتێک دانیال لەسەر جێگاکەی ڕاکشابوو خەونێکی بینی و چەند بینینێک بە مێشکیدا هات، ئینجا پوختەی خەونەکەی نووسییەوە. دانیال گوتی: «لە بینینەکەمدا لە شەو تەماشام دەکرد چوار بایەکەی ئاسمان دەریای گەورەیان هەژاند. لە دەریاکەوە چوار گیانلەبەری گەورە هاتنە دەرەوە، هەریەکەیان لەوەی دیکە جیاواز بوو. «یەکەمیان وەک شێر بوو و دوو باڵی هەڵۆ ئاسای هەبوو. تەماشام کرد هەتا باڵەکانی لێکرایەوە و لەسەر زەوی هەڵستێنرا، وەک مرۆڤ لەسەر دوو پێ ڕاوەستابوو، دڵی مرۆڤی پێدرا. «هەر لەو کاتەدا گیانلەبەری دووەم لە شێوەی ورچ لەسەر یەک لا بەرزبووەوە، سێ پەراسوو لەنێو ددانەکانی بوو، پێی گوترا: ”هەستە و گۆشتی زۆر بخۆ!“ «پاش ئەمە تەماشام کرد یەکێکی دیکە وەک پڵنگ وابوو، لەسەر پشتی چوار باڵی باڵندەی هەبوو. گیانلەبەرەکە چوار سەری هەبوو، دەسەڵاتی حوکمدانی پێدرابوو. «پاش ئەمە لە بینینی شەودا تەماشام کرد گیانلەبەری چوارەم ترسناک و تۆقێنەر و زۆر بەهێز بوو. ددانی ئاسنین و گەورەی هەبوو، نێچیرەکانی خوارد و تێکی شکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە. ئەو لە هەموو گیانلەبەرەکانی پێش خۆی جیاوازتر بوو، دە شاخی هەبوو. «لە شاخەکان ڕامابووم، شاخێکی دیکەی بچووک لەنێوانیانەوە دەرهات و سێ شاخەکەی پێش خۆی هەڵتەکاند. ئەم شاخە چاوی وەک چاوی مرۆڤی تێدابوو، لەگەڵ دەمێک کە بە فیزەوە قسەی دەکرد. «کاتێک تەماشام دەکرد «تەختەکان دانران و خودای جاویدانی دانیشت، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون و مووی سەریشی وەک خوری بێگەرد وابوو. تەختەکەشی بڵێسەی ئاگری بوو، چەرخەکانیشی ئاگری داگیرساو بوو. ڕووبارێکی ئاگرین تێدەپەڕی، لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت. بە هەزاران هەزار خزمەتیان دەکرد و بە دەیان هەزار دەیان هەزار لەبەردەمیدا ڕاوەستابوون. ئینجا دادگا دانیشت و کتێبەکان کرانەوە. «لەو کاتەدا بەردەوام بووم لە سەرنجدان لەبەر قسە بە فیزەکان کە شاخەکە دەیکرد. تەماشام دەکرد هەتا گیانلەبەرەکە کوژرا و کەلاکەکەی لەناوچوو، فڕێدرایە ناو ئاگرە داگیرساوەکە. گیانلەبەرەکانی دیکەش دەسەڵاتیان لێسەنرایەوە، بەڵام بۆ ماوەیەک تەمەن درێژییان پێدرا. «لە بینینەکەی شەودا تەماشام کرد، بەسەر هەوری ئاسمانەوە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ بوو هات، گەیشتە لای خودای جاویدانی و بردیانە بەردەمی. ئینجا دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی پێدرا، بۆ ئەوەی هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان بیپەرستن. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێکی هەتاهەتاییە کە بەسەرناچێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت.