لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 1:5-16

دانیال 1:5-16 KSS

بێلشەسری پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەزار گەورە پیاوەکەی سازکرد و شەرابی لەگەڵیان خواردەوە. لەو کاتەی کە بێلشەسر شەرابەکەی دەنۆشی فەرمانی دا ئەو قاپوقاچاغە زێڕ و زیوە بهێنن کە نەبوخودنەسری باوکی لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنابوون، بۆ ئەوەی پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێی بخۆنەوە. ئینجا ئەو قاپوقاچاغە زێڕەیان هێنا کە لە پەرستگای ماڵی خودا لە ئۆرشەلیمەوە دەرهێنرابوو، پاشا و گەورە پیاو و ژن و کەنیزەکانی پێیان خواردەوە. شەرابیان دەخواردەوە و ستایشی خوداوەندە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و دار و بەردینەکانیان دەکرد. لەناکاو پەنجەکانی دەستێکی مرۆڤانە دەرکەوت و لەسەر گەچی دیوارەکەی کۆشکی پاشا لەتەنیشت چرادانەکە دەستی بە نووسین کرد، پاشاش تەماشای دەستەکەی کرد کە دەینووسی. ئینجا ڕەنگی پاشا پەڕی و بیرکردنەوەکانی تۆقاندیان و قاچەکانی هێزیان لێ برا و ئەژنۆکانی کەوتنە لەرزین. پاشا بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان بهێننە ژوورەوە. پاشا بەم دانایانەی بابلی گوت: «هەر پیاوێک ئەو نووسینە بخوێنێتەوە و بۆم لێکبداتەوە، ئەوا جلی ڕەنگی ئەرخەوانی لەبەر دەکرێت، ملوانکەی زێڕیش لە ملی دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبێتە سێیەم دەسەڵاتدار.» ئینجا هەموو داناکانی پاشا چوونە ژوورەوە، بەڵام نەیانتوانی نووسینەکە بخوێننەوە و بۆ پاشا لێکی بدەنەوە. لەبەر ئەوە بێلشەسر زۆر ترسا و ڕەنگی گۆڕا و گەورە پیاوەکانیش شڵەژان. بەڵام شاژنی دایک لەبەر دەنگی پاشا و گەورە پیاوانی چووە هۆڵی خوانەکە، شاژن بە پاشای گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! با بیرکردنەوەکانت نەتترسێنن و ڕەنگت نەگۆڕێت! لە پاشایەتییەکەتدا پیاوێک هەیە ڕۆحی خودا پیرۆزەکانی تێدایە، لە سەردەمی باوکت ڕووناکبیری و زیرەکی و داناییەکی وەک دانایی خوداوەندەکانی تێدا بەدی کراوە. نەبوخودنەسری پاشای باوکت کردی بە گەورەی جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس و فاڵگرەوەکان. ئەو پیاوە دانیالە، کە پاشا ناوی لێناوە بێلتەشەسر، کە ڕۆحێکی تەواو و زانین و زیرەکی و لێکدانەوەی خەون و هەڵهێنانی مەتەڵ و چارەسەرکردنی گیروگرفتی تێدا بینراوە. با ئێستا دانیال بانگ بکرێت و لێکی بداتەوە.» ئینجا دانیال هێنرایە بەردەم پاشا، پاشاش پێی گوت: «ئایا تۆ ئەو دانیالەی کە لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایت، ئەوەی پاشای باوکم لە یەهوداوە هێنای؟ بیستوومە کە ڕۆحی خوداوەندەکان و ڕووناکبیری و زیرەکی و دانایی تەواوت تێدایە. ئێستاش دانا و ئەفسونگەرەکان بۆ بەردەمم هێنرانە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ئەم نووسینە بخوێننەوە و پێم بڵێن مەبەستی چییە، بەڵام نەیانتوانی لێکی بدەنەوە. من بیستوومە کە تۆ دەتوانیت شت لێکبدەیتەوە و نهێنییە شاراوەکان ئاشکرا بکەیت. ئەگەر ئێستا توانیت ئەو نووسینە بخوێنیتەوە و بۆم لێکبدەیتەوە، ئەوا جلی ڕەنگ ئەرخەوانیت لەبەر دەکرێت و ملوانکەی زێڕیش لە ملت دەکرێت و لە پاشایەتییەکەدا دەبیتە سێیەم دەسەڵاتدار.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان