لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 19:4-37

دانیال 19:4-37 KSS

لەو کاتەدا دانیال کە ناوی بێلتەشەسر بوو، بۆ ماوەیەک واقی وڕما و بیرکردنەوەکانی ترساندی، پاشاش گوتی: «بێلتەشەسر، با خەونەکە و لێکدانەوەکەی نەتترسێنن.» بێلتەشەسریش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، خۆزگە خەونەکە بۆ نەیارانت و لێکدانەوەکەشی بۆ دوژمنانت بووایە! ئەو دارەی کە بینیت گەورە و بەهێز بوو، بەرزییەکەی گەیشتە ئاسمان، لە هەموو زەوییەوە دەبینرا، گەڵاکانی جوان بوون، بەروبوومی زۆر بوو، بەشی هەمووان خواردنی تێدابوو، لە ژێریدا گیانلەبەرانی دەشتودەر نیشتەجێ بوون و لە لقەکانیدا باڵندەکانی ئاسمان نیشتەجێ بوون. ئەی پاشا، ئەو دارە تۆیت! تۆ گەورە بوویت و بەهێز بوویت، گەورەییت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاسمان، دەسەڵاتیشت هەتا ئەوپەڕی زەوی. «ئەی پاشا تۆ فریشتەیەکت بینی، پیرۆزێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و گوتی: ”دارەکە ببڕنەوە و لەناوی ببەن، بەڵام واز لە بنەدارەکەی بهێنن، بە ئاسن و بڕۆنز بەستراوەتەوە، لەنێو گژوگیای زەویدا بێت، ڕەگەکانی لە زەویدا بمێنێتەوە. با بە شەونمی ئاسمان تەڕ بێت، با لەگەڵ ئاژەڵی کێوی بژیێت، هەتا حەوت ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت.“ «ئەی پاشا، ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، ئەمە بڕیاری خودای هەرەبەرزە کە بەسەر پاشای گەورەمدا دێت: لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت و بە شەونمی ئاسمان تەڕ دەکرێیت و حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی. ئەو فەرمانەی درا بە وازهێنان لە بنەدارەکە و ڕەگەکانی دارەکە، واتا پاشایەتییەکەت بۆ خۆت دەگەڕێتەوە، کاتێک دان بەوەدا دەنێیت کە ئاسمان دەسەڵاتدارە. ئەی پاشا، لەبەر ئەوە با ڕاوێژەکەم لەلات پەسەند بێت: واز لە گوناه و تاوان بهێنە، چاکە بکە و لەگەڵ هەژارەکان میهرەبان بە، بەڵکو ئاسوودەییت بەردەوام بێت.» هەموو ئەم شتانە بەسەر نەبوخودنەسری پاشادا هات. پاش دوازدە مانگ کاتێک لە سەربانی کۆشکی پاشایەتی بابلدا هاتوچۆی دەکرد، پاشا گوتی: «ئایا ئەمە بابلی مەزن نییە کە بۆ ماڵی پاشایەتی بە هێزی توانای خۆم و بۆ شانازی شکۆمەندی خۆم بنیادم نا؟» هێشتا وشەکە لە دەمی پاشادا بوو، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات و گوتی: «ئەی نەبوخودنەسری پاشا، بڕیار لەسەر تۆ دراوە: پاشایەتیت لێ دەستێنرێتەوە. لەنێو خەڵکدا دەردەکرێیت و لەگەڵ ئاژەڵی کێوی دەژیت، وەک گا گژوگیات دەرخوارد دەدرێت. حەوت ساڵ بەسەرتدا تێدەپەڕێت هەتا دان بەوەدا دەنێیت کە هەرەبەرزەکە دەسەڵاتدارە لە پاشایەتی مرۆڤدا و دەیدات بەوەی خواستی خۆیەتی.» هەر لەو کاتەدا کارەکە بەسەر نەبوخودنەسردا جێبەجێ بوو. لەنێو خەڵک دەرکرا و وەک گا گیای خوارد. لاشەکەی بە شەونمی ئاسمان تەڕ بوو هەتا مووی وەک پەڕی هەڵۆ درێژ بوو و نینۆکەکانی وەک باڵندە. لە کۆتایی ماوەکەدا، من نەبوخودنەسرم، چاوم بۆ ئاسمان هەڵبڕی و هۆشم گەڕایەوە. ئینجا سوپاس و ستایشی هەرەبەرزەکەم کرد و شکۆدارم کرد کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتی هەتاهەتاییە و پاشایەتییەکەی بۆ نەوە دوای نەوەیە. هەموو دانیشتووانی زەوی وەک هیچ دانراون. ئەو بە خواستی خۆی دەکات لەگەڵ هێزەکانی ئاسمان و دانیشتووانی زەوی. کەس نییە دەستی بگرێت یان پێی بڵێت، «چی دەکەیت؟» لەو کاتەدا هۆشم گەڕایەوە، شانازی پاشایەتییەکەم بۆم گەڕایەوە لەگەڵ شکۆمەندی و گەورەییم. ڕاوێژکاران و گەورە پیاوەکانم داوایان کردمەوە، لەسەر پاشایەتییەکەم جێگیر بووم و گەورەییم زۆر زیادی کرد. ئێستاش من نەبوخودنەسرم، سوپاس و ستایشی پاشای ئاسمان دەکەم و شکۆداری دەکەم، ئەوەی هەموو کارەکانی ڕاستن و ڕێگاکانی دادپەروەرن، ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە هەڵسوکەوت بکەن ئەو دەتوانێت زەلیلیان بکات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان