لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 8:3-15

دانیال 8:3-15 KSS

لەو کاتەدا چەند ئەستێرەناسێک هاتنە پێشەوە و سکاڵایان لە جولەکەکان کرد، بە نەبوخودنەسر پاشایان گوت: «ئەی پاشا، بۆ هەتاهەتایە هەر بژی! ئەی پاشا، تۆ فەرمانت دەرکرد کە هەرکەسێک گوێی لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بێت، دەبێت بچیتە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکە ببات، ئەوەی نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، ئەوا فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.» نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا. نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟ ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟»