لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 17:3-23

دانیال 17:3-23 KSS

ئەی پاشا، ئەگەر بمانخەیتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساویشەوە، ئەو خودایەی دەیپەرستین دەتوانێت ڕزگارمان بکات، ئەو لە دەستی تۆ دەربازمان دەکات. ئەی پاشا، تەنانەت ئەگەر ڕزگاریشی نەکردین، دەمانەوێ تۆ بزانیت، ئێمە خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستین و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکەش نابەین کە داتناوە.» ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت، هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بردە ناو کوورەکە. ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە.