نەبوخودنەسری پاشا پەیکەرێکی لە زێڕ دروستکرد، درێژییەکەی شەست باڵ و پانییەکەی شەش باڵ بوو، لە دەشتی دورا لە هەرێمی بابل داینا. پاشان نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوای میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان تاوەکو بێن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی کە نەبوخودنەسر پاشا داینا. ئیتر میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان هاتن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا، لەبەردەم ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا وەستان. ئینجا جاڕدەر بە دەنگی بەرز جاڕی دا: «ئەی گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان! فەرمانتان پێکراوە، کاتێک دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبیستن، دەبێت بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە ببەن کە نەبوخودنەسری پاشا دایناوە. هەرکەسێک نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، هەر ئەو کاتە فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.» لەبەر ئەوە هەر کاتێک هەموو گەلان گوێیان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بووایە، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان دەچوونە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرە زێڕینەکە دەبرد کە نەبوخودنەسری پاشا داینابوو. لەو کاتەدا چەند ئەستێرەناسێک هاتنە پێشەوە و سکاڵایان لە جولەکەکان کرد، بە نەبوخودنەسر پاشایان گوت: «ئەی پاشا، بۆ هەتاهەتایە هەر بژی! ئەی پاشا، تۆ فەرمانت دەرکرد کە هەرکەسێک گوێی لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بێت، دەبێت بچیتە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکە ببات، ئەوەی نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، ئەوا فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.» نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا. نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟ ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟»
دانیال 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دانیال 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دانیال 1:3-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان