پاشا لە دانیالی پرسی، کە ناوی بێلتەشەسر بوو: «ئایا دەتوانی ئەو خەونەم پێ بڵێی کە بینیومە و هەروەها لێکی بدەیتەوە؟» دانیال وەڵامی دایەوە: «ئەو نهێنییەی پاشا داوای کردووە نە دانا و نە ئەفسونگەر و نە جادووگەر و نە فاڵگرەوە ناتوانن بۆ پاشا لێکی بدەنەوە. بەڵام خودایەک لە ئاسمان هەیە نهێنییەکان ئاشکرا دەکات، ئەو بە نەبوخودنەسری پاشای ڕاگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا چی دەبێت. کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت بووی، ئەمە بوو ئەو خەون و بینینەی هاتە ناو مێشکت: «ئەی پاشا، کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت ڕاکشابووی، بیرت بە لای داهاتوودا چوو، ئاشکراکەری نهێنییەکان بۆی دەرخستی چی ڕوودەدات. سەبارەت بە ئاشکراکردنی ئەم نهێنییە بۆ من، لەبەر ئەوە نەبوو کە من داناییەکی زیاترم هەبێت لە پیاوەکانی دیکە، بەڵکو ئەمە لەبەر تۆ بوو، ئەی پاشا، تاکو لێکدانەوەکەی بزانیت و هەروەها لە بیرکردنەوەکانت تێبگەیت. «ئەی پاشا، تۆ تەماشات کرد و پەیکەرێکی گەورەت لەبەردەمت بینی، پەیکەرێکی زۆر گەورە و درەوشاوە، دیمەنی سەرسوڕهێنەر بوو. سەری پەیکەرەکە لە زێڕی بێگەرد بوو، سنگ و قۆڵەکانی لە زیو بوو، سک و ڕانەکانی لە بڕۆنز بوو، قاچەکانی لە ئاسن بوون و پێیەکانی بەشێکی لە ئاسن و بەشێکیشی لە قوڕی سوورکراوە بوو. کاتێک تەماشات دەکرد، بەردێک بڕایەوە بەبێ ئەوەی دەستی مرۆڤی بەرکەوێت، لە پێیەکانی پەیکەرەکەی دا کە لە ئاسن و قوڕی سوورکراوە بوون و وردوخاشی کردن. ئینجا ئاسن و قوڕە سوورکراوەکە و بڕۆنز و زیو و زێڕەکە پێکەوە وردوخاش بوون و وەک پووشی سەر جۆخینیان لێهات لە هاویندا، با هەڵیگرت بەبێ ئەوەی شوێنەواری بمێنێت. بەڵام ئەو بەردەی لە پەیکەرەکەی دا، بوو بە کێوێکی گەورە و هەموو زەوی گرتەوە. «ئەمە خەونەکە بوو، ئێستاش با بۆ پاشا لێکی بدەینەوە. تۆ، ئەی پاشا، پاشای پاشایانی. خودای ئاسمان پاشایەتی و دەسەڵات و توانا و ڕێزی پێ بەخشیویت. مرۆڤ و گیانلەبەری دەشتودەر و باڵندەی ئاسمان لەژێر دەستی تۆن، لە هەرکوێیەک بن، تۆی بەسەر هەموویاندا زاڵ کردووە. تۆ ئەم سەرەی کە لە زێڕە. «پاش تۆ، پاشایەتییەکی دیکە هەڵدەستێتەوە، پایەی لە تۆ نزمترە، دوای ئەوە سێیەم پاشایەتی لە بڕۆنزە، بەسەر هەموو زەویدا زاڵ دەبێت. پاشان پاشایەتی چوارەم دێت، وەک ئاسن ڕەقە، چونکە ئاسن دەکوتێت و هەموو شتێک وردوخاش دەکات، وەک ئەو ئاسنەی تێکدەشکێنێت، ئەمیش هەموو ئەوانی دیکە وردوخاش دەکات و تێکیان دەشکێنێت. هەروەک بینیت پێیەکان و پەنجەکان بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە و بەشێکیان لە ئاسن بوون، پاشایەتییەکە بەم شێوەیە دابەشکراو دەبێت، بەڵام هەندێک هێزی ئاسنی تێدا دەبێت، هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕی سوورکراوە بوو. هەروەک پەنجەی پێیەکان بەشێکیان لە ئاسن و بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە بوو، جا بەشێک لە پاشایەتییەکە بەهێز و بەشێکیش ناسک دەبێت. هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕە سوورکراوەکە بوو، ئینجا ئەوان تێکەڵ بە وەچەی خەڵکی دەبن، بەڵام ئەمە بە ئەوەوە نانووسێت، هەروەک ئاسن تێکەڵ بە قوڕ نابێت. «لە سەردەمی ئەم پاشایانەدا خودای ئاسمان پاشایەتییەک دادەمەزرێنێت کە هەرگیز لەناوناچێت، بۆ گەلی دیکە بەجێناهێڵدرێت، هەموو ئەو پاشایەتییانە وردوخاش دەکات و کۆتاییان پێدەهێنێت، ئەو هەتاهەتایە بە چەسپاوی دەمێنێتەوە. ئەمە واتای بینینەیە کە بەردێک لە چیاوە بڕا، بەڵام بە دەستی مرۆڤ نا، ئاسن و بڕۆنز و قوڕی سوورکراوە و زێڕ و زیوەکەی وردوخاش کرد. «خودای گەورە ئەوەی بە پاشا نیشاندا کە لە داهاتوودا ڕوودەدات. خەونەکە ڕاستە و لێکدانەوەکەشی جێی متمانەیە.» ئینجا نەبوخودنەسر بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی بۆ دانیال برد، فەرمانی دا دیاری و بخووری پێشکەش بکەن. پاشا بە دانیالی گوت: «بەڕاستی خودای ئێوە خودای خودایانە و گەورەی پاشایانە و ئاشکراکەری نهێنییەکانە، چونکە تۆ توانیت ئەم نهێنییە ئاشکرا بکەیت.» ئینجا پاشا دانیالی لە پلەیەکی بەرز دانا و دیاری زۆری پێ بەخشی. دەسەڵاتی پێدا بەسەر هەموو هەرێمی بابل و کردییە سەرۆکی هەموو داناکان.
دانیال 2 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دانیال 2
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دانیال 26:2-48
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان