«ئێستاش ڕاستیت پێ دەڵێم: سێ پاشای دیکە لە فارس پەیدا دەبن، پاشان چوارەمیان لە هەموویان دەوڵەمەندتر دەبێت. سامانەکەی بۆ بەدەستهێنانی هێز بەکاردەهێنێت، هەمووان لە دژی شانشینی یۆنان دەورووژێنێت. ئینجا پاشایەکی بە توانا پەیدا دەبێت و زۆر زاڵ دەبێت، چی پێ خۆش بێت دەیکات. بەڵام ئیمپراتۆریەتەکە لەوپەڕی هێزیدا تێکدەشکێت و بەسەر چوار لای زەویدا دابەش دەبێت، بەڵام نەک بۆ نەوەکانی، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکە دەبێت، دەسەڵاتی پێشتری نامێنێت، چونکە ئیمپراتۆریەتەکەی بنبڕ دەبێت. «دوای ئەمە پاشای باشوور بەهێز دەبێت، بەڵام یەکێک لە میرەکانی لەو بەهێزتر دەبێت و بە دەسەڵاتێکی گەورەوە زاڵ دەبێت. پاش چەند ساڵێک پەیمان دەبەستن، کچی پاشای باشوور بۆ پەیمان بەستنەکە دێتە لای پاشای باکوور، بەڵام کچەکە هێزی نامێنێت، پاشای باشووریش نە خۆی و نە هێزی بەردەوام نابن. لەو کاتەدا کچەکە و باوکی و ئەوانەی هێنایان و لەگەڵ ئەوەش کە پشتگیری دەکرد بە دەستەوە دەدرێن. «ئینجا یەکێک لە بنەماڵەی کچەکە لە شوێنی ئەو هەڵدەستێتەوە. بەر لە سوپای پاشای باکوور دەگرێت و دەچێتە ناو قەڵاکەی، لێیان دەدات و سەرکەوتوو دەبێت. بت و پەیکەرە داڕێژراوەکان و قاپوقاچاغە بەنرخەکانیان کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون دەباتە میسر. دوای ئەمە ماوەی چەند ساڵێک واز لە پاشای باکوور دەهێنێت. ئینجا پاشای باکوور هێرش دەباتە سەر شانشینی پاشای باشوور، بەڵام دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی. کوڕەکانی دەوروژێن و ئاپۆرەی سوپایەکی گەورە کۆدەکەنەوە کە وەک لافاوێکی بەهێز ڕادەماڵێت، بڵاو دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت، هەتا شەڕ دەهێنێتە سەر قەڵای پاشای باشوور. «ئیتر پاشای باشوور ڕقی هەڵدەستێت و هێرش دەکاتە سەر پاشای باکوور، کە وا خەریکە سوپایەکی زۆر گەورەی کۆدەکاتەوە، بەڵام دەشکێنرێت. کاتێک سوپاکە ڕادەماڵرێت، پاشای باشوور بەفیز دەبێت و دەیان هەزار دەکوژێت، بەڵام سەرناکەوێت، چونکە پاشای باکوور دەگەڕێتەوە، سوپایەکی زۆرتر لەوەی جاری یەکەم کۆدەکاتەوە، پاش چەند ساڵێک بە سوپایەکی گەورە و چەک و تفاقێکی زۆرەوە پێشدەکەوێت. «لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر لە دژی پاشای باشوور ڕادەپەڕن، بۆ بەدیهێنانی بینینەکە توندڕەوەکان لە گەلەکەت یاخی دەبن، بەڵام دەکەون. ئینجا پاشای باکوور دێت و مەتەرێزێک لێدەدات و شارە قەڵابەندەکە داگیر دەکات. هێزەکانی باشوور لەبەردەمیدا خۆیان ڕاناگرن، تەنانەت باشترین سەربازیشیان بەرگە ناگرێت. پاشای باکوور ئەوەی بیەوێ دەیکات، کەسیش نابێت بەرەنگاری بێتەوە. لەناو خاکە دڵگیرەکەدا ڕادەوەستێت و هەمووی لەژێر دەستی ئەودا دەبێت. مکوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی بە هەموو دەسەڵاتی پاشایەتییەکەیەوە بێت و پەیمان لەگەڵ پاشای باشوور ببەستێت. کچەکەی دەداتێ بۆ ئەوەی پاشایەتی باشوور تێکبدات، بەڵام پیلانەکانی سەرناکەون و سوودمەند نابن. پاشان ڕوو دەکاتە کەنارەکان و زۆریان داگیر دەکات، بەڵام فەرماندەیەک کۆتایی بە لووتبەرزییەکەی دەهێنێت، بەڵکو لووتبەرزییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە. ئینجا دەگەڕێتەوە قەڵاکانی خاکەکەی خۆی، بەڵام ساتمە دەکات و دەکەوێت، ئیتر نامێنێت. «جێنشینەکەی باجگرێک دەنێرێت بۆ بەردەوام بوونی شکۆمەندی پاشایەتییەکەی. لە ماوەیەکی کورتدا تێکدەشکێت، بەڵام نە بە تووڕەیی و نە بە جەنگ.
دانیال 11 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دانیال 11
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دانیال 2:11-20
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان