یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو. جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.» ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم! «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە، هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن، گوێتان لەمە بێت: ئێوە دەڵێن، «کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین، کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت، تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟» بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و نرخ زیاد بکەن و فێڵ لە تەرازوو بکەن، بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و نەداران بە جووتێک پێڵاو و بن بێژنگی گەنم بفرۆشن. یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم. «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟ هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.» یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم. جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە. جلوبەرگی گوش دەکەمە بەر هەمووتان و قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم. دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.» یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە، نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو، بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان. جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن، بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن، بەڵام نایدۆزنەوە. لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە. ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و دەڵێن: ”ئەی دان، سوێند بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و ”سوێند بە خوداوەندی بیری شابەع کە زیندووە…“ جا دەکەون و ئیتر هەڵناستنەوە.»
ئامۆس 8 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئامۆس 8
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئامۆس 1:8-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان