لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئامۆس 2:1-10

ئامۆس 2:1-10 KSS

گوتی: «یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت، لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا، ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل، قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات. شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم، فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم، هەروەها گۆچان بەدەست لە بێت‌عەدەن. گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و بە ئەدۆمی فرۆشت، ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە، قەڵاکانی دەخوات. فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان. دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن، پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان، ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور، قەڵاکانی دەخوات.»