لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 19:9-31

کردار 19:9-31 KSS

نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و چەند ڕۆژێکی لەگەڵ قوتابییەکان لە دیمەشق بەسەر برد. شاول یەکسەر لە کەنیشتەکاندا دەستی کرد بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە عیسا کوڕی خودایە. هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە هەمان ئەو کەسە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوەوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟» بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحەکەیە. پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن، بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن. بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردیان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شوورای شارەکەوە شۆڕیان کردەوە. کاتێک شاول گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە بووبێتە قوتابی. بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە. ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند. هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن. کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردیانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد. کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.