لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:9-19

کردار 1:9-19 KSS

شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان، داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات. کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە، کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟» شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟» فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. [بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.] بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.» ئەو پیاوانەی لە گەشتەکەدا لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی. شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، بەڵام کاتێک چاوی کردەوە هیچی نەبینی، بۆیە دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق. سێ ڕۆژ هیچی نەبینی، هەروەها هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە. لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!» گوتی: «ئەوەتام گەورەم!» مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات. لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.» حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە. هەروەها لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی پێدراوە و هاتووە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆوە دەپاڕێنەوە.» بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم ناجولەکەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل. پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.» حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «شاولی برام، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.» دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا. نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و چەند ڕۆژێکی لەگەڵ قوتابییەکان لە دیمەشق بەسەر برد.