لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 12:5-23

کردار 12:5-23 KSS

لەسەر دەستی نێردراوان زۆر نیشانە و پەرجوو لەنێو گەلدا کرا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵ لە ڕێڕەوەکەی سلێمان لە پەرستگادا کۆدەبوونەوە. کەس نەیدەوێرا بچێتە پاڵیان، بەڵام گەل زۆر ڕێزیان دەگرتن. لەگەڵ ئەوەشدا هەتا دەهات ژن و پیاو بە کۆمەڵ باوەڕیان بە مەسیحی خاوەن شکۆ دەهێنا و دەهاتنە پاڵی. لە ئەنجامدا، وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان. خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە. بەڵام سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕێبازی سەدوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی. نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە. بەڵام فریشتەیەکی یەزدان لە شەودا دەرگای زیندانەکەی کردەوە و بردنییە دەرەوە و گوتی: «بڕۆن بۆ حەوشەکانی پەرستگا و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵکی بڵێن.» هەرکە گوێیان لێبوو، بەیانی زوو چوونە حەوشەکانی پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک. سەرۆکی کاهینان و ئەوانەی لەگەڵی بوون هاتن، ئەنجومەنی باڵا و هەموو کۆمەڵی پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان بانگکرد و ناردیان لە زیندان بیانهێنن. بەڵام کە پاسەوانەکان چوون و لە زیندان نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان و گوتیان: «زیندانەکەمان بینی بە باشی داخرابوو، پاسەوانیش لە بەردەرگاکان ڕاوەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە کەسمان تێیدا نەبینی.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان