کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسیبوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟ خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات. ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە کرد و داوای ئازادکردنی بکوژێکتان کرد. سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە. ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن و دەیناسن، باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لەبەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی. «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان. بەڵام خودا ئەوەی هێنایە دی کە پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاندبوو، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت. کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو. ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە. موساش گوتی: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، دەبێت گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرن کە پێتانی دەڵێت. جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دادەبڕدرێت.﴾ «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە. ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، کاتێک بە ئیبراهیمی فەرموو: ﴿لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.﴾ کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»
کردار 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە کردار 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: کردار 11:3-26
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان