لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 13:25-27

کردار 13:25-27 KSS

دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن. کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت. کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت. «جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت. کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم و فەرمانم دا کە پیاوەکە بهێنن. کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تۆمەتێکی وایان نەدایە پاڵی کە من چاوەڕێم دەکرد، بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە ئایینەکەیان و پیاوێکی مردوو بوو بە ناوی عیسا، کە پۆڵس دەڵێت زیندووە. کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەسەر ئەم شتانە دادگایی بکرێت. بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپراتۆر بهێڵدرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.» ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.» بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە پێشوازییەکی گەورە و شکۆدارەوە هاتن و لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شاردا هاتنە هۆڵی گوێگرتن. فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا. فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووان کە لەگەڵماندان، ئەم پیاوەی دەیبینن، ئەو کەسەیە کە هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە و هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت. بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپراتۆر، بڕیارم دا بینێرم بۆ لای. لەبەر ئەوەی لەبارەی ئەمەوە شتێکم نییە کە بە دڵنیاییەوە بۆ قەیسەری خاوەن شکۆی بنووسم، بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم، چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان