لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:24-16

کردار 1:24-16 KSS

پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆکی کاهینان و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتنە قەیسەرییە و لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد. کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت، بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین. بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت. «بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە. پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە و هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات، بەڵام ئێمە گرتمان. [ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین. بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات.] جا ئەگەر خۆت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەیت، ڕاستی سکاڵاکانی ئێمەت بۆ دەردەکەوێت.» جولەکەکانی دیکە پشتگیری خۆیان نیشان دا و پێداگرییان لەسەر ڕاستیی قسەکانی کردەوە. کاتێک فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ پۆڵس کرد قسە بکات، ئەویش وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم. دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم. نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ کەسێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە. ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن. بەڵام من دان بەوەدا دەنێم کە بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی کە ئەوان پێی دەڵێن ڕێبازی چەوت، خودای باوباپیرانم دەپەرستم. باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە، هەروەها هەمان ئەو هیوایەم بە خودا هەیە کە ئەو پیاوانە هەیانە، کە هەستانەوە بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش دەبێت. لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان