لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 29:2-47

کردار 29:2-47 KSS

«برایان، با بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا سوێندی خواردووە و بەڵێنی پێداوە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی کرد، کە نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو. ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی. ئینجا بۆ لای دەستەڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن. داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“﴾ «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە بزانن کە ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.» کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟» پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن. ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.» بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.» ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە. ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی، لەتکردنی نان و نوێژکردن. هەموو لە ناخەوە سام دایگرتبوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران. باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد، ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.