لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 14:2-24

کردار 14:2-24 KSS

پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، بە دەنگی بەرز بە خەڵکی ڕاگەیاند: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی بەیانییە! بەڵکو لە ڕێگەی پێغەمبەر یۆئێلەوە گوتراوە: «﴿خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن. تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن. لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو و لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم: خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ. خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت. جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.﴾ «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە.