لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت، لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟» کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!» گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟» گوتیان: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.» پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتا بە عیسا.» کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشران. جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد. بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون. ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا. بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد. بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست. خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا، تەنانەت ئەو دەستەسڕ و بەروانکانەش کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنران و دەخرانە سەر نەخۆش و نەخۆشییەکەیان نەدەما و ڕۆحە پیسەکان لە لەشیان دەردەچوون. هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەیەنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.» سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد. ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟» ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد. کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە. هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیاندا دەنا. ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان هەژمارد کرد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە. بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو. لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.» جا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە هەرێمی ئاسیا مایەوە.
کردار 19 بخوێنەوە
گوێگرتن لە کردار 19
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: کردار 1:19-22
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان