لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 23:13-43

کردار 23:13-43 KSS

«خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی، عیسای ڕزگارکەری لە نەوەی ئەوەوە بۆ ئیسرائیل هێنا. پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند. کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وا دەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“ «خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە. دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە. جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت. دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ. بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن. «ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات، ئەوەی خودا بۆ ئێمەی هێنایە دی کە وەچەی ئەوانین، بە هەستانەوەی عیسا. وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە: «﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.﴾ خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت: ﴿ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.﴾ بۆیە لە زەبوورێکی دیکە دەفەرموێ: ﴿ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.﴾ «چونکە داود دوای ئەوەی بەگوێرەی مەبەستی خودا خزمەتی نەوەی خۆی کرد، نوست و چووە پاڵ باوباپیرانی و تەرمەکەی بۆگەن بوو. بەڵام ئەوەی خودا هەڵیستاندەوە بۆگەنی نەبینی. «بۆیە برایان، با لەلاتان زانراو بێت کە لە ڕێگەی عیساوە بەخشینی گوناه بە ئێوە ڕاگەیەنرا. بە باوەڕهێنان بە ئەو بێتاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە تەوراتی موسا لێی بێتاوان بکرێن. جا ئاگاداربن، ئەوەی پێغەمبەران گوتوویانە بەسەرتاندا نەیەت: «﴿ئەی گاڵتەجاڕەکان سەیر بکەن، سەرسام بن و بمرن، چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێک دەکەم، کارێک کە هەرگیز باوەڕ ناکەن ئەگەر بۆتان باس بکرێت.﴾» کاتێک پۆڵس و بەرناباس لە کەنیشت دەهاتنە دەرەوە، داوایان لێ کرا شەممەی داهاتووش ئەم قسانەیان بۆ بکەن. دوای کۆبوونەوەکە، زۆر لە جولەکە و خواپەرستەکان کە ببوونە جولەکە، بەدوای پۆڵس و بەرناباس کەوتن، ئەمانیش قسەیان بۆ دەکردن و هانیان دەدان لە نیعمەتی خودا بمێنن.