لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 19:11-30

کردار 19:11-30 KSS

ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو ببوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت. بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا. یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە. ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد. کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە، چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ. ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت، کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی. لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا، یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا. بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین. ئینجا ئەمەیان کرد و لە ڕێگەی بەرناباس و شاولەوە یارمەتییەکەیان بۆ پیرانی یەهودیا نارد.